Skip to the content

سەرۆکى نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا پێشوازی لە بەرپرسی کاروباری باڵیۆزخانەی شانشینی بەحرەین لە عێراق کرد

ڕۆژی دووشەممە، ٢٥ی ئابی ٢٠٢٥، فارس عیسا، سەرۆکى نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، لە نووسینگەی تایبەتی خۆیدا، پێشوازی لە خالید ئەحمەد ئەلمەنسوور، بەرپرسی کاروباری باڵیۆزخانەی شانشینی بەحرەین لە عێراق کرد.

لە میانی دیدارەکەدا، پەیوەندییەکانی شانشینی بەحرەین و عێراق و هەرێمی کوردستان، لە هەموو بوارەکاندا، بە تایبەت لە هەردوو بوارى ئابووری و وەبەرهێنان تاوتوێ کرا.

خالید ئەحمەد ئەلمەنسوور، باسى سەردانەکەی ئەم دواییەی بۆ هەرێمی کوردستان کرد وستایشی ئەو پێشکەوتنانەی کرد، کە هەرێم بە خۆیەوە دەیبینێ، لە بوارەکانی ئاوەدانى و گەشتوگوزار و خزمەتگوزاری بە گشتی.

لای خۆیەوە سەرۆکى نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، دووپاتی کردەوە کە حکومەتی هەرێم، پلان و بەرنامەی گەورەى بەدەستەوەیە، بە مەبەستی پەرەپێدانی سەرجەم کەرتەکان، بەتایبەت هەردوو کەرتى کشتوکاڵ و گەشتوگوزار؛ هەروەها بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی باشتر بە هاووڵاتییان، بەتایبەت لە بواری فراوانکردنی پڕۆژەکانی بەنداو، بۆ دڵنیابوون لە ئاسایشی ئاو، ئەمە جگە لە دابینکردنی کارەباى ٢٤ کاتژمێرى بۆ هاووڵاتییانى هەرێم.