Skip to the content

سەرۆکى نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا پێشوازی لە وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتى هەرێمی کوردستان کرد

ڕۆژی چوارشەممە، ٢٧ی ئابی ٢٠٢٥، فارس عیسا، سەرۆکى نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، لە نوسینگەی تایبەتی خۆیدا، پێشوازی لە ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندن لە حکومەتى هەرێمی کوردستان کرد.

لە میانی دیدارەکەدا، باس لە کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، ڕێگاکانی چارەسەرکردنیان بەپێی یاسا و دەستوور کرا؛ بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان بە کەرتی گواستنەوە و پەیوەندییەکانەوە هەیە.

دیدگای حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان تاوتوێ کرا و جەختیش لەوە کرایەوە کە حکومەتی هەرێم بە پەرۆشە، بۆ ئەوەی ئەو پڕۆژەیە لە خزمەتی بەرژەوەندیی هەموو عێراقییەکاندا بێت.

لەکۆتاییی دیدارەکەدا، وەزیری گواستنەوە و گەیاندن، ڕۆڵی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لە بەغدا، لە پتەوکردنی پەیوەندییەکان و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان وەزارەت و دامودەزگاکانی هەردوو حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان بەرز نرخاند.