Skip to the content

سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بەشداری کۆبوونەوەی لێکۆڵینەوە لە هێڵی شەمەندەفەری بەستنەوەی عێراق بە تورکیا کرد

ڕۆژی چوارشەممە، ٢٧ی ئابی ٢٠٢٥، فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، بەشداری لە کۆبوونەوەی لێکۆڵینەوە لە هێڵی شەمەندەفەری بەستنەوەی عێراق بە تورکیا، لە چوارچێوەی پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان کرد. 

کۆبوونەوەکە لە نێوان شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندن و شاندێکی حکومەتی فیدراڵی بە سەرۆکایەتیی جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری پلاندانان، محەممەد تەمیم بەڕێوە چوو.

ئەندامانی ئەو لیژنەیەی کە بەپێی فەرمانی دیوانی ژمارە ٢٥٣٥٥ پێکهێنراوە، بە نوێنەرایەتیی وەزیری گواستنەوەی فیدراڵی، ڕەزاق موهەیبیس و ڕاوێژکارانی سەرۆکی حکومەت بەشدارى کۆبوونەوەکەیان کرد. 

لە میانی کۆبوونەوەکەدا، پڕۆژەی دروستکردنى هێڵی شەمەندەفەر کە عێراق بە تورکیا دەبەستێتەوە، وەک بەشێک لە پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان، لە هەموو ڕوویەکەوە تاوتوێ کرا؛ هەروەها پێویستیی هاوکاری و هەماهەنگی لە نێوان هەردوو حکومەتى فیدراڵی و هەرێمی کوردستان لەو بارەوە تاوتوێ کرا. 

لە بەشێکى دیکەى کۆبوونەوەکەدا، شاندی هەرێمی کوردستان دیدگای حکومەتی هەرێمی کوردستانی خستە ڕوو، کە جەخت لەسەر پێویستیی پاڵپشتیکردنی ئەو پڕۆژەیە دەکاتەوە؛ بەو پێیەی پڕۆژەیەکی نیشتمانییە و خزمەتی بەرژەوەندیی هەموو عێراقییەکان دەکات. 

شاندی هەرێمی کوردستان جەختیان لەوە کردەوە، کە پێویستە دیدگا و پێشنیارەکانی هەرێم سەبارەت بە پڕۆژەکە لە بەرچاو بگیرێت. هەروەها پێویستە لەسەر ڕێڕەوەکەی، ڕێککەوتن بکرێت بۆ ئەوەی زۆرێک لە ناوچەکان بگرێتەوە بە هەرێمی کوردستانیشەوە، بۆ بووژاندنەوەی ئابووری .