سەرۆکى نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا پێشوازى لە شاندێکى باڵیۆزخانەی بەریتانیا کرد

فارس عیسا، سەرۆکى نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، پێشوازی لە شاندێکی باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە بەغدا کرد. کە پێکهاتبوو لە تۆم هیبس، بەرپرسی بەشی سیاسی لە کونسوڵخانەی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر، عوسمان نیزامی، بەرپرسی بەشی سیاسەتی ناوخۆ لە باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە بەغدا.
لە سەرەتای دیدارەکە، باس لە بارودۆخی ئێستای ناوچەکە و کاردانەوەکانی لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکە بەگشتی کرا. هەروەها باس لە قۆناغی داهاتووی پڕۆسەی سیاسیی عێراق کرا؛ بەتایبەتی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق، کە لە کۆتاییی ئەمساڵدا بەڕێوە دەچێت.
پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، یەکێک بوو لە تەوەرەکانى دیدارەکە، بەو پێیەی هەردوولا جەختیان لە چارەسەرکردنی کێشە و ناکۆکییەکان، بەپێی دەستوور و یاسا کردەوە و پابەندبوونیان بە دەستوور، وەک بنەمایەک بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم ناکۆکییەکانی عێراق بینی. هەروەها باسیان لە بارودۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان کرد و جەختیان لەسەر خێراکردنی چارەسەرکردنی ئاستەنگەکانی ڕێگر لە پێکهێنانی حکومەتی دەیەم کردەوە.
سەرۆکى نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، ئاماژەی بە تێڕوانینی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی: "دیدگای سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە، بە پێی دەستوور کێشەکان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکرێن؛ جەختیشی کردەوە کە هەوڵەکان بەم ئاراستەیە بەردەوامن بۆ دۆزینەوەی چارەسەری ڕیشەیی بۆ کێشەکان".
لە کۆتاییی دیدارەکەدا، تۆم هیبس، بەرپرسی بەشی سیاسی لە کونسوڵخانەی گشتیی بەریتانیا، ڕۆڵی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لە پەرەپێدانی هەرێم لەهەموو ڕوویەکەوە، بەتایبەتی لە بوارەکانی گەشەپێدان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی بۆ هاووڵاتییانی کوردستان بەرز نرخاند.