سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا سەردانی وەزارەتی بازرگانیی فیدراڵی کرد

فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، سەردانی وەزارەتی بازرگانیی فیدراڵی کرد و لە لایەن ئەسیر ئەلغەریری، وەزیری بازرگانی، پێشوازی لێکرا.
لە میانی دیدارەکەدا، باس لە ڕێگاکانی پتەوکردنی پەیوەندیی نێوان بەڕێوەبەرایەتی و دامەزراوەکانی وەزارەتی بازرگانی، لە هەردوو حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان و ئاسانکردنی ڕێکارەکان کرا.
هەروەها باس لە شایستە داراییەکانی جوتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی بەبازاڕکردنی ئێستا کرا؛ کە بەروبوومی گەنمیان پێشکەش بە وەزارەتی بازرگانیی فیدراڵی کردووە و تا ئێستا پارەکانیان پێنەدراوە. لەهەمانکاتدا تاووتوێی ئەو گرفتانە کرا، کە دێنە بەردەم هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لە دەستکەوتنی بەشەخۆراکەکانیان.
لەکۆتاییی کۆبوونەوەکەدا، وەزیری بازرگانیی فیدراڵ سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، بۆ هەوڵەکانی بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشە و ئاستەنگانەی کە ڕێگرن لە هاوکاری و هەماهەنگیی نێوان وەزارەت و دامودەزگاکانی هەردوو حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان کرد.