Skip to the content

سەرکۆماری عێراق لەگەڵ سەرۆکى نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆ بووەوە

ئەمڕۆ سێشەممە، 16ی کانوونی یەکەمی 2025، د.عەبدولەتیف ڕەشید سەرۆک کۆماری عێراق، لە نووسینگەى تایبەتى خۆیدا، پێشوازی لە فارس عیسا سەرۆکى نوێنەرایەتیی حکومەتى هەرێمى کوردستان لە بەغدا، کرد.

لە میانى دیدارەکەدا، باس لە بابەتەکانی پەیوەست بە ئەنجامدانی دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران لە خولە نوێیەکەیدا کرا. هەروەها باس لە ڕادەی زیانەکانی گیانى و ماڵى و کەلوپەلی هاووڵاتییان لە هەرێمی کوردستان کرا؛ کە بەهۆی ئەو لافاوەی هەفتەی ڕابردوو چەند ناوچەیەکی هەرێمی گرتەوە و زیانیان بەرکەوت.

لای خۆیەوە فارس عیسا، دووپاتی کردەوە کە، هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم چڕ و بەردەوامن، بۆ کەمکردنەوەی خەم و ئازارەکانی دانیشتووانی ناوچە زیانلێکەوتووەکان.

تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بوو، بەپێی دەستوور و یاسا.

لە کۆتاییی دیدارەکەدا، سەرۆک کۆماری عێراق، ستایشی ڕۆڵ و هەوڵەکانی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لە بەغدا کرد؛ لە پتەوکردنی پەیوەندییەکان و بەشداریکردن لە چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لەگەڵ دامودەزگاکانی حکومەتی عێراق و هێزە سیاسییەکان.