سەرۆکى نوێنەرایەتیی حکومەتى هەرێمى کوردستان لە بەغدا پێشوازى لە شاندێکى دیبلۆماسيى بەریتانى کرد
ئەمڕۆ سێشەممە، 2ی کانوونی یەکەمی 2025، فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، پێشوازی لە شاندێکی دیپلۆماسیی بەریتانیا کرد؛ کە پێکهاتبوو لە هارێت بێڵ سکرتێری دووەمی سیاسەتی ناوخۆ لە کونسوڵخانەی بەریتانیا لە هەولێر، عوسمان نیزامی سکرتێری یەکەم لە بەشی سیاسیی باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە بەغدا.
لە میانی دیدارەکەدا، دوایین پێشهاتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە، قۆناغەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقی فیدراڵ تاووتوێ کرا؛ هەروەها باس لە کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و پێشکەوتنەکانی هێزە سیاسییە کوردستانییەکان، سەبارەت بە پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەرئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەکانی بۆردومانی کێڵگەی غازی کۆرمۆر کرا.
تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە، تایبەت بوو بە تاووتوێکردنی دیدگا و پلانی داهاتووی حکومەتی هەرێم، لەگەڵ هەوڵەکانی سەرۆک بارزانی بۆ یەکڕیزیی، وەک ئامادەکارییەک بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ بەغدا.