سەرۆکی نوێنەرایەتيی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا له‌گه‌ڵ باڵيۆزى ئه‌رمينيا كۆبووه‌وه
ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، فارس عیسا، سەرۆکى نوێنەرایەتيی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، سەردانی باڵیۆزخانەی ئەرمینیاى کرد و لەلایەن ڕوبێن سۆگۆیان، باڵيۆزى ئه‌و وڵاته‌وه پێشوازی لێ کرا و باسیان لە پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان هەردوو گەلی ئەرمەن و کورد کرد، بە شێوەیەک له بەرژەوەنديی هەردوو نەتەوەی دۆستدا بێت.
هه‌روه‌ها باسیان له بارودۆخی سیاسيی ئێستای هه‌رێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە کرد، به تایبه‌تی قۆناغەکانى پێکهێنانی هه‌ر دوو حکومه‌تی نوێی فیدراڵ و هه‌رێمی کوردستان.
سەرۆکی نوێنەرایەتيی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، جەختی لەوە کردەوە: هەرێمى كوردستان کەشێکی لەبار بۆ وەبەرهێنان لەلایەن کۆمپانیا ئەرمەنییەکانەوە فەراهەم دەکات و دەرگه‌کانی هەرێم بەڕووی سه‌رجه‌م وەبەرهێنەرانی بیانی كراوه‌ن.
باڵیۆزی ئەرمینیا، ستایشی ئەو سیاسەتە ژیرانەیەی کرد کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرکردایەتيی مەسرور بارزانی پەیڕەوی کردووە، دووپاتی کردەوە کە، بانگهێشتكردن بۆ سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بە کراوەیی ماوەتەوە بۆ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تاكوو سه‌ردانى وڵاته‌كه‌ى بكات. هه‌روه‌ها ئاماژەی بەوە دا: قەبارەی بازرگانی نێوان وڵاتەکەی و هەرێمی کوردستان، گەیشتووەتە ئاستێکی پێشکەوتوو، ئاماژەشى بەوە کرد، کە لە ماوەی داهاتوودا ئەرمینیا گرنگییەکی زیاتر بە هاندانی کۆمپانیاكانى وڵاتەکەى دەدات، بۆ وەبەرهێنان لە هەرێمى کوردستان.
لە کۆتایيی دیدارەکەدا، باڵيۆزى ئه‌رمينيا، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ ڕۆڵی سەرۆک مەسعود بارزانی ده‌ربڕى، لە پێشخستنی پێکەوەژیانی ئاشتیيانە لەنێوان پێکهاته‌كانى هەرێمی کوردستان.