Skip to the content

سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا پێشوازى لە بەڕێوەبەرى یەکەى بەڕێوەبردنى قەرزى سەر بە بەرنامەى گەشەپێدانى نەتەوە یەکگرتووەکان کرد

فارس عیسا،سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، پێشوازی لە تشنامى ئیکۆتشى، بەڕێوەبەری یەکەی بەڕێوەبردنی قەرزی بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان و وەفدی یاوەری کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا، تاووتوێى ئەو پرۆژانە کرا، کە بە پشتبەستن بە قەرزى نێودەوڵەتى، بە تایبەتى قەرزى یابانى، جێبەجێ دەکرین؛ هەروەک چەندین پرۆژە لەو بڕە تەرخانکراوەى بۆ هەرێمى کوردستان جێبەجێ کراون.
هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگی بەهێزکردنی هاوکارى و هەماهەنگی و داواکردنی قەرزی نوێ کردەوە، بۆ بەرەوپێشبردنی هەوڵەکانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان لە هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لەبواری ژێرخاندا.
سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا داکۆکى کردە سەر، پێداگریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەسەر پتەوکردنى هاوکارى و هەماهەنگی لەگەڵ ئەو دەزگا و ئاژانسانەى کە بە پەرۆشەوەن بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی هەرێم، بە سوودوەرگرتن لە قەرزە نێودەوڵەتییەکان.
هەروەها سوپاس و پێزانینی حکومەتی هەرێمی کوردستانی دەربڕى، بۆ ڕۆڵی یەکەی بەڕێوەبردنی قەرزی پرۆگرامی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان، بۆ بەشداری و هاوکاری لە پاڵپشتیکردنی پرۆژەکان لە هەرێمى کوردستان.