سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا سەردانی دادگای فیدراڵی کرد

فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، سەردانی دادگای فیدراڵی کرد؛ لەگەڵ سەرۆکی دادگاکە، دادوەر مونزر ئیبراهیم عەلی و جێگری سەرۆک دادوەر سەمیر عەباس محەمەد عەنتەر و ئەندامانی کوردی دادگاکە کۆ بووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، فارس عیسا، بە ناوى حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە، پیرۆزبایی لە سەرۆکى دادگاى فیدراڵى، بە بۆنەى وەرگرتنى پۆستە نوێیەکەى کرد، هیوای سەرکەوتنى بۆ خواستن لە ڕاپەڕاندنى ئەرکەکانیدا. هەروەها ئامادەیی حکومەتى هەرێمى کوردستان، بە سەرۆکایەتى مەسرور بارزانی دەربڕى؛ بۆ پشتیوانیکردن لە داداگاى فیدراڵى و هیواى خواست ئەم دادگایە، ببێتە چەترێک بۆ سەرجەم عێراقییەکان و فاکتەرێک بۆ سەقامگیری.
سەرۆکى نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێمى کوردستان، متمانەى حکومەت و گەلى هەرێمی کوردستانی بۆ سەرۆکى نوێى دادگاى فیدراڵى دووپاتکردەوە؛ بۆ ڕێکخستنەوەى ڕێڕەوى دادگاکە و ئەم دەزگا باڵا دادوەرییە، ببێتە فاکتەرێک بۆ پتەوکردنى سەقامگیرى لە وڵاتدا.
ئاماژەى بەوەش کرد کە عێراق و ناوچەکە، ڕووبەڕووى ئاستەنگى گەورە دەبنەوە؛ ئەرکى نیشتمانیی داوا لە هەمووان دەکات هاوکارى و هەماهەنگى لەگەڵ یەکدى بکەن؛ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان و زاڵبوون بەسەر ئەم قۆناغەدا. جەختى لە ئامادەیی سەرجەم دامودەزگاکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان کردەوە؛ بۆ هاوکارى و هەماهەنگیکردن لەگەڵ دادگاى فیدراڵى، بۆ بەهێزکردنى دادپەروەریی دەستوورى و داواشى کرد، دادگاى فیدرالى ببێتە فاکتەرى بەهێزکردنى هەماهەنگى لە نێوان دەسەڵاتەکانى فیدراڵى و هەرێمى کوردستان.
سەرۆکى نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە بەغدا، داوایکرد دادگا ڕۆڵ و ئەرکى نیشتمانیی خۆى جێبەجێ بکات؛ بۆ چارەسەرکردنى کێشەکانى نێوان هەولێر و بەغدا، بە پێى یاسا و دەستوور.
لای خۆیەوە، سەرۆکی دادگای فیدراڵی، جەختی لەوە کردەوە، کە ئەرکی سەرەکی دادگاکە، پاراستنی ئاسایش و سەقامگیرییە لە وڵاتدا و نەبەزاندنی دەسەڵاته دەستوورییەکانى و دڵنیابوون لەوەی کە ڕێڕەوی دادگا بە ئامانجی برەودان بە ئاشتەوایی نیشتمانی و هاوبەشی ڕاستەقینە و هەروەها بەهێزکردنی متمانە لە نێوان دەسەڵاتەکانى فەرمی و خەڵکدا دوور لە کاریگەری سیاسییه.