Skip to the content

بەڕێوەبەری گشتیی کاروبارى پەیوەندییەکان و بەدواداچوون لە نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا سەردانی دەستەى گشتیی باجی فیدراڵی کرد

بەختیار حاجی، بەڕێوەبەری گشتیی کاروبارى پەیوەندییەکان و بەدواداچوون لە نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، سەردانی دەستەى گشتیی باجی فیدراڵی کرد و چاوى بە، عەبدولستار هاشم عەلی، بەڕێوەبەری گشتی دەستەکە کەوت.
لە دیدارێکدا هەردوولا، چۆنیه‌تیی به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی هاوکارى و هەماهەنگى لە نێوان دەستەى گشتیی باجى فیدراڵى و بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى باج لە هەرێمى کوردستانیان تاووتوێ کرد.
هەردوولا، جەختیان لەسەر جێبەجێکردنى ڕێککەوتننامەى پێشووى نێوان هه‌ردوو دامه‌زراوه‌ی باجی ئیتیحادی و هه‌رێم کردەوە؛ لە پێناو بەرژەوەندیی گشتی و بەردەوامبوونی جموجۆڵى بازرگانى لە هەرێمى کوردستان و عێراق به‌ گشتی. هەروەها ڕێککەوتن لەسەر میکانیزمێکى نوێ، بۆ پێدانی پشتگیری به‌ كۆمپانیاكانی هه‌رێم، بۆ چوونه‌ ناو سیستەمى ئه‌سیکۆدا.
هەر لە دیدارەکەدا بڕیاردرا، له‌ زووترین كاتدا کۆبوونەوەیەک لە نێوان دەستەى باجى فیدراڵ و بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى باجى هەرێمى کوردستان ڕێکبخرێت؛ بەمەبەستى بەرزکردنەوەى ئاستى هاوکارى و هەماهەنگى هاوبەش.
لە کۆتاییی دیدارەکەدا، بەختیار حاجی، سوپاس و پێزانینى خۆى بۆ ئەو تیمەى کە لەسەر پلاتفۆرمى ئەلیکترۆنیى کاردەکەن دەربڕى؛ کە ئەمەش ئاسانکارى بۆ خێراکردن لە ئەنجامدانى مامەڵه‌ى هاووڵاتییان و کۆمپانیاکان کردووە.