سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا سەردانى دەستەى چاودێریى تەرخانکردنى داهاتى فیدراڵیی کرد

فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، بە سەرۆکایەتیى شاندێک سەردانی دەستەى گشتیی چاودێریی تەرخانکردنی داهاتی فیدراڵیی کرد و لەلایەن سەرۆکى دەستەکەوە، سۆزان عەبدوڵڵا محەمەد عەلى، پێشوازی لێکرا.
لە دیدارەکەدا، چۆنیەتیى چڕکردنەوەى هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنى کێشە هەڵپەسێردراوەکانى نێوان هەولێر و بەغدا، بەتایبەتی کێشە داراییەکان تاووتوێ کران؛ بەمەبەستی جێبەجێکردنی دادپەروەری، لە دابەشکردنی پشکی هەرێم لە بودجەی فیدراڵیدا.
هەروەها، بەمەبەستى دۆزینەوەى چارەسەرى بنەڕەتی بۆ کێشەکانى نێوان هەردوولا، چۆنیەتیى پتەوکردنى هاوکارى و هەماهەنگى لەنێوان دامودەزگا فەرمییەکانى هەردوو حکومەتى فیدراڵى و هەرێمى کوردستان تاووتوێ کران.
سەرۆکی دەزگای گشتیی چاودێریی دابەشکردنی داهاتی فیدراڵی، ستایشی هەوڵەکانى نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد؛ لە پاڵپشتیکردنى هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشە داراییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.
لە کۆتاییی دیدارەکەدا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سۆزان عەبدوڵڵا محەمەد عەلی، بۆ هەوڵ و هاوکارییەکانی لەگەڵ نوێنەرانی هەرێم لە بەغدا، لە پێناو خزمەتکردن بە بەرژەوەندیی گشتی دەربڕى.