فارس عیسا و لویس ساکۆ دۆخی گشتی و ئەزموونی دەستەبەرکردنی مافی پێکهاتەکانیان تاووتوێ کرد

ڕۆژی سێشەممە، ٢٩ ی تەممووزی ٢٠٢٥، فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، سەردانی کاردینال "لویس ساکۆ" پاتریارکی کاسۆلیکی کلدانی، لە عێراق و جیهان کرد.
لە دیدارەکەدا، ڕەوشی ئێستای عێراق و چۆنیەتیی پاراستنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی نێوان پێکهاتە عێراقییەکان، کولتووری پێکەوەژیانی ئاشتییانە لە هەرێمی کوردستان و دەستەبەرکردنی مافەکان بۆ هەموو پێکهاتەکان تاووتوێ کران؛ هەروەها جەخت لەسەر پێویستیی پتەوکردنی ئەم کولتوورە بەرزە مرۆڤایەتییە، لە سەرانسەری عێراقدا کرایەوە.
کاردینال لویس ساکۆ، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆک مەسعود بارزانی، بۆ تێڕوانینی نەتەوەیی بۆ بنیاتنانی عێراق و پاراستنی مافی پێکهاتەکانی عێراق دەربڕی. هەروەها بۆ لەباوەشگرتنی هەرێمی کوردستان بۆ هەموو لێقەوماوان و ئاوارە عێراقییەکان و غەیرە عێراقییەکان، لەبەر هۆکاری سیاسی و تائیفی و نەژادی و داوای دووبارەکردنەوەی ئەزموونی کوردستانی وەک، مۆدێلێکی سەرکەوتوو کە سوودی بۆ هەمووان هەبێت کرد.
لە هەمانکاتدا، ستایشی ڕۆڵی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لە بەغدا کرد؛ لە برەودان بە نزیکبوونەوە لەنێوان هەردوو حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان و دڵنیای کردەوە کە پەیامی نوێنەرایەتی، پەیامێکی نەرمە بۆ چارەسەرکردنی ڕیشەیی کێشەکان.