Skip to the content

نوێنەری هەرێمی کوردستان لە بەغدا سەردانی باڵیۆزخانەی بەحرەینی کرد

ڕۆژی دووشەممە، ٢٨ی تەممووزی ٢٠٢٥ فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، سەردانی باڵیۆزخانەی شانشینی بەحرەینی لە بەغدا کرد؛ سەردانەکە، بە پێشوازی خالید ئەحمەد ئەلمەنسوور، کارگێڕیی باڵیۆزخانەی شانشینی بەحرەین، بەڕێوە چوو.

لە دیدارەکەدا، دۆخی ئێستای ناوچەکە، بە تایبەت هەرێمی کوردستان و عێراق، ئاستەنگەکانی بەردەم سەقامگیری و ئاسایش، تاووتوێ کران.

هەروەها چۆنیەتیی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان شانشینی بەحرەین و عێراق، بەتایبەتی لەگەڵ هەرێمی کوردستان، هەروەها سیاسەتی شانشینەکە لە پاڵپشتیکردنی ئاسایش و سەقامگیری و وەبەرهێنان لە عێراق باس کران.

خالید ئەحمەد ئەلمەنسوور، سوپاسگوزاری شانشینی بەحرەینی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕۆڵی لە بەرەوپێشبردنی پێشکەوتن لە هەرێم و کردنەوەی ئاسۆی هاوکاریی ئابووری و وەبەرهێنان لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و بیانی دەربڕی.

لای خۆیەوە، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، پشتیوانی حکومەتى هه‌رێمى بۆ هەر ڕێوشوێنێک ڕاگەیاند کە لە بەرژەوەندی خەڵکی ناوچه‌كه‌دا بێت.