Skip to the content

ڕێچکەی نوێ بۆ وەبەرهێنان و گەشەپێدان لە کوردستان دەگیرێتە بەر

ڕۆژی سێشەممە، ٢٢ی تەمووزی ٢٠٢٥، بەختیار حاجی، بەڕێوەبەری گشتیی کاروبارى پەیوەندییەکان و بەدواداچوون، لە نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، پێشوازی لە ئەسعەد بێشەیی، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری یاسایی و کارگێڕی و داراییی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان کرد.

لە دیدارەکەدا، دەرفەتەکانی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان تاووتوێ کران و جەخت لە هاندانی وەبەرهێنەرانی بیانی بۆ وەبەرهێنان، لە هەردوو کەرتی کشتوکاڵ و گەشتوگوزار لەهەرێمی کوردستان کرایەوە؛ بە ئامانجی هەمەجۆرکردنی وەبەرهێنان و بەردەوامبوون، لە ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، ڕەخساندنی هەلیکار و زیادکردنی داهاتی تاکی کوردستان.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، ئاماژە بەدوایین دەرئەنجامەکانی گفتوگۆکانی نێوان هەردوو حکومەتى فیدراڵى و هەرێمى کوردستان، سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەران و بودجەی هەرێمی کوردستان کرا.

لە کۆتاییی دیدارەکەدا، ئەسعەد بێشەیی، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ هەوڵەکانی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبەغدا، لە تەواوکردنی خێراى مامەڵەی هاووڵاتییان و لێکنزیککردنەوەى تێڕوانینەکانی نێوان دامەزراوەکانی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان دەربڕی.