Skip to the content

فارس عيسا و باڵیۆزی پاکستان ڕێوشوێنی پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان تاووتوێ دەکەن

ڕۆژی دووشەممە ٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٥، فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، سەردانی باڵیۆزخانەی پاکستانی لە بەغدا کرد و لەلایەن محەمەد زیشان ئەحمەد، باڵیۆزی کۆماری ئیسلامیی پاکستان لە عێراق پێشوازی لێ کرا.

لە دیدارێکدا، باس لە پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان عێراق و پاکستان ، هەروەها پەیوەندییە دێرینەکانی نێوان هەردوو گەلی کوردستان و پاکستان کرا.

لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا، پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەولێر و ئیسلامئابادپێداچوونەوەیان بۆ کرا و هەردوولا داکۆکیان کرد کە دەرفەتی باش هەیە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەردوولا.

سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان ژینگەیەکی گونجاوە بۆ چالاکییە ئابوورییەکان و وەبەرهێنانی کۆمپانیاکانی پاکستانی، ئاماژەی بەوەش کرد دەرگاکانی هەرێم ئاوەڵایە، لەبەردەم بازرگان و کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی پاکستانی.

لە کۆتاییی کۆبوونەوەکەدا باڵیۆزی پاکستان ستایشی گەشەپێدان و پێشکەوتنی کوردستانی کرد، لە هەموو بوارەکاندا، بە تایبەت لە کاتی کارەکانی کابینەی نۆیەمدا بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی.