Skip to the content

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تۆماری کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان و فەرمانگەی تۆمارکردنی کۆمپانیاکانی فیدراڵی کۆبوونەوەیەکی هاوبەشیان ئەنجام دا

ڕۆژی پێنجشەممە، ١٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٥، لەسەر بانگهێشتی بەختیار حاجی بەڕێوەبەری گشتیی كاروباری پەیوەندییەکان و بەدواداچوون لە نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لە نێوان بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تۆماری کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی بڵند مەولود بەڕێوەبەری گشتیی تۆماری کۆمپانیاکان و بەرپرسانی تەکنیکیی فەرمانگەی تۆمارکردنی کۆمپانیاکانی فیدراڵی بەڕێوە چوو.

لە میانی کۆبوونەوەکەدا کە لە بارەگای نوێنەرایەتی لە ئەمیندارێتی گشتیی ئەنجومەنی وەزیران، بە ئامادەبوونی هیوا محەممەد بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی نوێنەرایەتی بەڕێوە چوو؛ میکانیزمی بە دیجیتاڵکردنی نامە و داتاکانی نێوان هەردوولا تاووتوێ کرا؛ بە ئامانجی ئاسانکاری و خێراکردنی ڕێکارەکان بە سەرپەرشتیی نوێنەرایەتی.

پاش گفتوگۆکردنی هەموو لایەنەکانی ئەو پرسە، بڕیار درا لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا کۆبوونەوەیەکی تر لە نێوان هەردوولا ئەنجام بدرێت بۆ ئەوەی بڕیاری گونجاو بدرێت.

لە کۆتاییی کۆبوونەوەکەدا بڵند مەولود بەڕێوەبەری گشتیی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان لە هەرێمی کوردستان، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ ڕۆڵی نوێنەرایەتی لە بەرزکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان دامەزراوە فیدراڵییەکان و هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشە و ئاستەنگەکان دەربڕی.

لای خۆیەوە، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری پەیوەندییەکان و بەدواداچوون له نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، سوپاسی هەردوو لایەنی
کرد، بۆ پەیوەندیی بەردەوامیان و هەوڵەکانیان بۆ چارەسەرکردنی کێشە و لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم کارەکان.