Skip to the content

بەڕێوەبەری گشتیی كاروبارى پەیوەندییەکان و بەدواداچوون لە نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا پێشوازی لە دوو شاندی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان کرد

ڕۆژی دووشەممە، ١ی ئەیلوولى ٢٠٢٥، بەختیار حاجی، بەڕێوەبەری گشتیی كاروبارى پەیوەندییەکان و بەدواداچوون لە نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، پێشوازی لە دوو شاندی وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد، کە لە د.لوقمان نانه‌که‌لی، ڕاوێژکاری یاسایی وەزارەت، د.یونس دزەیی، د.عەلی ئیسماعیل، ئەندازیار پۆڵا سەعدی، بەڕێوەبەری ئەندازەى وەزارەت و شاندی یاوەری پێکهاتبوو.

لە دیدارەکەدا، ئەنجامی کۆبوونەوەکان لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستیی فیدراڵی و لابردنی ئه‌و به‌ربه‌ستانه‌ی بەردەم هاوکاریی هاوبەش تاوتوێ کرا.

لە میانی دیدارەکەدا، بەختیار حاجی، داوای بەردەوامیی پەیوەندیی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستیی فیدراڵی، بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هاوکاری و هەماهەنگیی لە نێوان هەردوولا کرد. هەروەها بەڵێنیدا، بە وردى بەدواداچوون بۆ دۆسییه‌ هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وەزارەتی تەندروستیی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان بکات.

تەوەرێکى دیکەی کۆبوونەوەکە، گفتوگۆکردن بوو لەسەر چۆنیەتیى ڕێگریکردن لە بازرگانیکردن بە ئەندامەکانی جەستەی مرۆڤ، بەتایبەتی بازرگانیکردن بە گورچیلە.

لە کۆتاییی کۆبوونەوەکەدا، ڕۆڵی نوێنەرایەتیی لە چارەسەرکردنی کێشە و ئاستەنگەکانی نێوان وەزارەت و دامه‌زراوه‌ فەرمییەکان، لە هەردوو حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان بەرز نرخێندرا.