Skip to the content

سه‌رۆكى نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا پێشوازی لە نوێنەری وەزارەتی دادی فەرەنسا لە تورکیا و عێراق کرد

ڕۆژی دووشەممە، ٢٩ی ئەیلوولی ٢٠٢٥، فارس عیسا سه‌رۆكى نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، لە نوسینگەی تایبەتی خۆیدا، پێشوازی لە دادوەر کلیر تيپو نوێنەری وەزارەتی دادی فەرەنسا لە تورکیا و عێراق کرد؛ کە تایبەتە بە هاریکاریی یاسایی و جێگرايه‌تیی دادوەری.

له‌ ديدارێكدا، ڕێوشوێنى پته‌وكردنى هاريكارى و هه‌ماهه‌نگى له‌ نێوان هه‌ردوو ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌ریی فه‌ره‌نسا و هه‌رێمى كوردستان و چۆنيه‌تیی چاره‌سه‌ركردنى دۆسيه‌ دادوه‌رييه‌كانى هاووڵاتیيانى هه‌رێمى كوردستان له‌ فه‌ره‌نسا تاووتوێ كرا.

هەروەها ڕێگاکانی ئاڵوگۆڕی زانیاریی دادوەری لە نێوان هەردوولا و کردنەوەی خولی ڕاهێنان بۆ دادوەرانی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى باسه‌كانى ديداره‌كه‌ بوو.

لای خۆیەوە، نوێنەری وەزارەتی دادی فەرەنسا، ستايشى لێهاتوویی دەسەڵاتی دادوەریی هەرێمی کوردستانى له‌ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ دۆسيه‌ جۆراوجۆره‌كان و سه‌ربه‌خۆيى كاركردنى دوور له‌ فشار کرد.

له‌ كۆتايیى ديداره‌كه‌دا، سه‌رۆكى نوێنه‌رايه‌تیى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ به‌غدا، خۆشحاڵى خۆى به‌ سه‌ردانه‌كه‌ ده‌ربڕى و جه‌ختى له‌ پێويستیی به‌رده‌وامى هاوكاریى دادوه‌رى و هه‌ماهه‌نگیی نێوان هه‌ردوولا كرده‌وه‌.