سەرۆکى نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بەشداری لە ئاهەنگی ڕۆژی نیشتمانیی سعودیە کرد

ڕۆژی سێشەممە، ٢٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٥، فارس عیسا سەرۆکى نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، بەشداری لە ئاهەنگە تایبەتەکەی باڵیۆزخانەی سعودیە لە بەغدا کرد؛ کە بە بۆنەی (٩٥)مین ڕۆژی نیشتمانیی شانشینی سعودیە بەڕێوە چوو.
لە میانەی ئاهەنگەکەدا، کە ژمارەیەکی زۆر لە دیپلۆماتکارانی عەرەب و بیانیی ئامادە بوون، سەرۆکى نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە ناوی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، پیرۆزبایی لە باڵیۆزی سعودیە لە بەغدا، عەبدولعەزیز ئەلشەمەری کرد؛ بە بۆنەی (٩٥)مین ڕۆژی نیشتمانیی وڵاتەکەی و هیوای بەردەوامیی پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی بۆ گەلی سعودیە خواست.
فارس عیسا لە میانی دیدارەکەیدا لەگەڵ باڵیۆزی سعودیە لە پەراوێزی ئاهەنگەکەدا، جەختی لەوە کردەوە کە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو گەلى کورد و سعودیە پەیوەندییەکی مێژووییە و ڕەگ و ڕیشەی قووڵە، لەسەر ڕێزگرتنی یەکتری بنیات نراوە. ئاماژەی بەوەشکرد، هەولێر هەوڵدەدات پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕیاز لە هەموو بوارەکاندا بەهێزتر بکات.
لای خۆیەوە باڵیۆزی سعودیە لە بەغدا، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ بەشداریی نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئاهەنگەکەى ڕۆژی نیشتمانیی وڵاتەکەی دەربڕی و ئاماژەی بەوەدا کە، شانشینی سعودیە چاوی لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستانە، لە هەموو بوارەکاندا، بەتایبەتی لە بوارەکانی ئابووری و وەبەرهێناندا.