سەرۆکى نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا سەردانی باڵیۆزخانەی قەتەری لە بەغدا کرد

فارس عیسا، سەرۆکى نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، سەردانی باڵیۆزخانەی قەتەری لە بەغدا کرد و لەلایەن سوڵتان بن موبارەک ئەلکوبەیسی، باڵیۆزی ئەو وڵاتە لە بەغدا پێشوازی لێ کرا.
لەمیانی دیدارەکەدا، باسیان لە پێشهاتەکانی ناوچەکە کرد، بە تایبەت بۆردومانی هەفتەی ڕابردووی دەوحەی پایتەختی قەتەر و کاردانەوەکانی لەسەر وڵاتانی ناوچەکە.
باڵیۆزی قەتەر سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە بۆردومانی وڵاتەکەی لەلایەن ئیسرائیلەوە دەربڕی و جەختی لەوە کردەوە، ئەم هەڵوێستە چاوەڕوانکراو بوو لە حکومەتی هەرێم.
هەروەها ئاماژەی بە پەیوەندییە بەهێزەکانی نێوان هەردوو گەلى کوردستان و قەتەر، بە تایبەتی لە کەرتی ئابووری و وەبەرهێنان و گەشتوگوزاردا کرد و ستایشی ئەو پێشکەوتنانەى کرد، کە هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکاندا بە خۆیەوە بینیوە و جەختی لەوە کردەوە، ئەم پێشکەوتنانە لە سایەی پلان و هەوڵەکانی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بەدى هاتوون.