Skip to the content

سه‌رۆكى نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا له‌گه‌ڵ شاندێكى باڵيۆزخانه‌ى ئه‌مريكا كۆ بووەوە

ڕۆژی سێشەممە، 10ی شوباتی 2026، فارس عیسا، سه‌رۆكى نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، لەگەڵ شاندێکی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، كه‌ پێكهاتبوو له‌ کریس دیلۆرس سه‌رۆكى به‌شى سیاسیی باڵيۆزخانە، دیفید لویس بەرپرسی بەشی سیاسیی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا كۆ بووه‌وه‌.

لە میانی کۆبوونەوەکەدا، پێداچوونەوەیان بە دۆخی ئێستای ناوچه‌كه‌ و کاردانەوەکانی سەر عێراق کرد؛ هەروەها ئەو هەوڵانەی کە لە ئارادایە بۆ پێکهێنانی هه‌ردوو حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان، بەگوێرەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان. 

له‌ به‌شێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، تاوتوێی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدایان کرد و جەختیان لە سەر پێویستیی چارەسەرکردنیان لە چوارچێوەى دەستووری و یاسادا کردەوە. 

لە کۆتاییی کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا گرنگی بەردەوامبوون و بەهێزکردنی هاوکاری و هەماهەنگیی هاوبەشی ئەمنییان، بەتایبەتی لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا دووپات کردەوە، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە ئەمنییەکان لە عێراق و ناوچەکەدا.