Skip to the content

سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ وەزیری کاروباری کەمینەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆ بووەوە

ئەمڕۆ دووشەممە 9ی شوباتی 2026، فارس عیسا, سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، لەگەڵ ئایدن مەعروف، وەزیری کاروباری کەمینەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆ بووەوە.

لە میانەى کۆبوونەوەکەدا، ڕەوشى ئێستاى ناوچەکە و کارتێکردنى لە سەر عێراق و وڵاتانى دەوروبەر تاوتوێ کران. هەروەها تاوتوێی کێشە هەڵپەسێردراوەکانى نێوان هەولێر و بەغدا و چۆنیەتیى چارەسەرکردنیان لە پێناو پتەوکردنى سەقامگیرى و لێکتێگەیشتنى هاوبەش کرا.

هەردوولا قۆناغەکانى پێکهێنانى هەردوو حکومەتى فیدراڵ و هەرێمى کوردستان و ئەو کۆسپانەى دێنە بەردەم پێکهێنانیان و هەوڵەکان بۆ زاڵبوون بەسەر ئەو کۆسپانەدا، تاوتوێ کرد.

لاى خۆیەوە، وەزیری کاروباری کەمینەکان، باسى ئامانجی سەردانەکەى بۆ بەغدا و ئەو کۆبوونەوانەى کرد، کە بڕیارە لە ماوەى مانەوەى لە پایتەختدا، لەگەڵ چەند لایەنێکى فەرمیی ئەنجامى بدات.

لەکۆتاییی کۆبوونەوەکەدا، ئایدن مەعروف، ڕۆڵ و هەوڵەکانی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لە بەغدا بەرزنرخاند، لە بەڕێوەبردنی دۆسیە هاوبەشەکانی نێوان بەغدا و هەولێر؛ جەختیشی لەسەر گرنگیی پەرەپێدانی هاوکاری و هەماهەنگیی لەنێوان وەزارەت و دامودەزگاکانی هەردوو حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان کردەوە.