Skip to the content

سه‌رۆكى نوێنه‌رايه‌تيى حكومه‌تى هه‌رێم له‌ به‌غدا و جێگرى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق تاووتوێی چۆنیەتيی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاستەنگانە دەکەن کە ڕووبەڕووی عێراق دەبنەوە

ڕۆژى یەکشەممە، ١١ى كانوونى دووه‌مى ٢٠٢٦، فارس عيسا، سه‌رۆكى نوێنه‌رايه‌تيى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، له‌گه‌ڵ عه‌دنان فه‌يحان، جێگرى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق كۆبووه‌وه‌.

فارس عیسا بە ناوی سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، پیرۆزبایی لە شێخ عەدنان فەیحان کرد، بە بۆنەی وەرگرتنی پۆستە نوێیەکەی، وەک جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.

هەردوولا باسى چۆنیەتی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاسته‌نگانه‌يان كرد، كه ڕووبه‌ڕووى عێراق دەبنەوە، بەشێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندیی هەموو عێراقییەکان بکات و، سەقامگیريی سیاسی و دامەزراوەیيی وڵات بەهێز بکات.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا، باسی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و پێویستيی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوولا، بەپێی دەستوور و یاسا و ،و ڕۆڵی ئەنجومەنی نوێنەران کرا.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، سوپاسگوزاری و پێزانینی خۆی دەربڕى، بۆ ڕۆڵی نوێنەرایەتيی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پته‌وكردنى پەیوەندییەکان لەگەڵ وەزارەت و دەزگه‌ حکومییەکان و هێزە سیاسییەکانی عێراق، بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان.