وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر کۆرمۆر دەکات
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- دوای ئەوەی ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ٢٠٢٢/٧/٢٥ هێرشکرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان ڕایدەگەیەنێت هێرشەکە هیچ زیانی گیانی نەبووە و کاریگەریشی لەسەر پڕۆسەی بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی نەبووە.
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بە توندی ئەم هێرشانە سەرکۆنە دەکات و ڕایدەگەیەنێت "چەندین جارە ژێرخانی مەدەنیی هەرێمی کوردستان دەکرێتە ئامانجی هێرشی مووشەکیی گرووپە چەکدارە لە یاسا دەرچووەکان."
"کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان سامانی خەڵکی هەرێمی کوردستانن، هەر جۆرە هێرشێک بۆ سەر دامەزراو و ژێرخانە ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان، بەئامانجگرتنی ڕاستەوخۆی خەڵکی کوردستانە و بە هیچ شێوەیەک قابیلی قبووڵ نییە و بەرپرسیارێتیی ئەم هێرشانەش لە ئەستۆی ئەو لایەنانەیە کە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیان سامانی گەلی کوردستان دەکرێتە ئامانج."