Skip to the content

وەزارەتی سامانە سروشتیەكان كار بۆ پاڵپشتیكردن و كۆنترۆڵكردنی نرخی بەنزین دەكات

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- لەسەر راسپاردەی سەرۆك وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەمەبەستی كۆنترۆڵكردنی نرخی بەنزین، كە گرانبوونی نرخەكەی لەئاكامی بەرزبوونەوەی نرخی جیهانی و پابەندنەبوونی حكومەتی عێراق بەناردنی ئەو بڕە بەنزینەی كە بۆ هەرێمی كوردستانی بەنرخێكی دیاریكراو دەینارد دروست بووە.

وەزارەتی سامانە سروشتییەكان هاوڵاتیان دڵنیا دەكاتەوە كە لەڕێگەی پاڵپشتی نرخی بەنزین و بەهەماهەنگی لەگەڵ كۆمپانیاكان هەموو رێكارێك دەگرێتە بەر بۆ زیادبوونی بەرهەمهێنانی ناوخۆو خستنەڕووی بەنزینێكی زیاتر لەبازاڕەكاندا.

بۆ ئەم مەبەستە حكومەتی هەرێمی كوردستان پاڵپشتی دارایی بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە دەكات و بەشێكی زۆری رسومات و باجەكان لەسەر هاوردەكردنی بەنزین هەڵدەگرێت و كار ئاسانی پێشكەش بەهەموو كۆمپانیاكان دەكات بۆ  هێنانی بەنزین بەمەرجێك كاریگەریی  لەسەر كوالێتی  بەنزین و تەندروستی هاوڵاتیان نەبێت و لەگەڵ رێنماییەكانی پاراستنی ژینگەدا بگونجێت. هاوڵاتیانیش دڵنیا دەكەینەوە لەماوەیەكی كورتدا كۆنترۆڵی نرخەكان دەكەین.

 

وەزارەتی سامانە سروشتییەكان

15/6/2022