وەزیری سامانە سروشتیەكان بە وەكالەت: لە ماوەی یەك هەفتەدا ۳ ملیۆن لیتر بەنزین دەخرێتە بازاڕەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)-كەمال محەمەد ساڵح وەزیری كارەبا و وەزیری سامانە سروشتیەكان بە وەكالەت ئاماژەی بە هەوڵەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دا كە بۆ كۆنترۆڵكردنی نرخی بەنزین دەنرێت و ڕایگەیاند : خواستی بەكارهێنانی بەنزین لە هەرێمی كوردستان رۆژانە ٥-٦ملیۆن لیترە و وەزارەتی سامانە سروشتیەكان لە (سێ) سەرچاوە بەنزین دابین دەكات، ۱ ملیۆن لیتری لە پاڵاوتگەی (كار) و یەك ملیۆن و ٥۰ هەزار لیتری دیكە بەپێی ڕێكەوتنێكی نێوان وەزارەتی سامانە سروشتیەكان و وەزارەتی نەوتی عێراق و ئەوی دیكە لە دەرەوەی هەرێم هاوردە دەكرێت، بەڵام ئەوەی تایبەتە بە عێراقەوە ٤٥ ڕۆژە ناردنی ئەو بەنزینە ڕاگیراوە، نرخی جیهانيی بەنزینیش گرانبووە و خواستی بەنزین لەعێراقیش زیاد بووە.
لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆك وەزیران و لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و كۆنترۆڵكردنی نرخی بەنزین، ئەنجوومەنی وەزیران دەسەڵاتی بە وەزارەتی سامانە سروشتیەكان دا چەند بڕیارێكی گرنگ دەربكات، لەوانە دابینكردنی ۲ملیۆن لیتر بەنزین بۆ هەولێر و دهۆك و دابینكردنی زیاتر لە ۱ ملیۆن لیتر بەنزینی دیكە بۆ سلێمانی و هەڵەبجە و لەگەڵ كۆمپانیایەكیشدا ڕێككەوتووین كە ۲ تا ۳ ملیۆن لیتر بەنزینی دیكە دابین بكات.
وەزیری سامانە سروشتیەكان ئەوەشی ڕاگەیاند كە پێشبینی دەكرێت لەماوەی هەفتەیەكدا ۳ ملیۆن لیتر بەنزین بخرێتە بازاڕەوە. بۆ هەر لیترێكی بەنزین ۱۲۰۰ دینار لەسەر حكومەت دەكەوێت و ٤۰۰ دینار پاڵپشتی دەكرێت بۆ ئەوەی نرخەكەی بۆ ٨۰۰ دینار دابەزێت.بەمەش بۆ ۳ ملیۆن لیتر بەنزین ڕۆژانە ملیارێك و ۲۰۰ ملیۆن دینار پاڵپشتی حكومەتە بۆ نرخی بەنزین.
سەبارەت بە دۆخی كارەباش كە لەگەڵ هاتنی شەپۆڵی گەرماو هەڵكشانی نرخ خواستی بەكارهێنانی كارەبا زیاد بووە كەمال محەمەد ساڵح وەزیری كارەبا وتی: شەپۆڵی گەرماو هەڵكشانی خواست قورساییەكی گەورەی خستۆتە سەر وەزارەتی كارەبا و لە هەوڵەكانمان بەردەوامین بۆ زیادكردنی بەرهەمهێنان، بۆ ئەم مەبەستەش چەند وێستگەیەكی نوێی كارەبا لەم ماوەیەدا لەهەرێمی كوردستان دەستبەكار دەبن.