وەزیری کارەبا لەگەڵ لیژنەی سامانە سروشتییەکانی پەرلەمانی كوردستان کۆبووەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی یەکشەممە ۱۹ ی حوزهیرانی ۲۰۲۲، ئەندازیار کەمال محهمهد ساڵح وەزیری کارەبا و ستافی وەزارەت، پێشوازیان لە عەلی حەمە ساڵح سەرۆک و جێگر و ئەندامانی لیژنەی سامانە سروشتییەکانی لە پەرلەمانی کوردستان کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا وەزیری کارەبا لە نزیکەوە بە شێوەیەکی ڕاشکاو و بە داتا و زانیاری وەڵامی پرسیاری پەرلەمانتارانی دایەوە و جەختی لەسەر هەوڵەکانی وەزارەت کردەوە بۆ باشترکردنی سێکتەری کارەبا و سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد کە پاڵپشتی پڕۆژەکانی کارەبا دەکات لە تەواوی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان .
لە تەوەرێکی تردا وەزیری کارەبا کە هاوکات وەزیری سامانە سروشتیەکانە بە وەکالەت، باسی گرفتی بەنزینی کرد و ڕایگەیاند بە هاوکاریی ئەنجوومەنی وەزیران لە هەوڵی بەردەوام داین بۆ چارەسەرکردنی گرفتی بەنزین و دووپاتی له ڕێکخستنەوەی نرخی بەنزینی نۆرماڵ کردهوە كه لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕێگه نەدرا کێشەیەکی گەورە دروست بێت .
دوای گفتوگۆو ڕاوەرگرتنی هەردوو لا بڕیاردرا لە ڕۆژانی داهاتوودا هەوڵەکان چڕ بکرێنەوە بۆ زیادکردنی بەرهەم و بڕێکی زیاتری بەنزین هاوردە بکرێت و چاودێری و بەدواداچوونی زیاتر بۆ مواسەفات و کۆنترۆڵکردنی نرخ بکرێت لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیاردرا هەر بەنزینخانەیەک پابەندی ڕێنماییەکان نەبێت سزا بدرێت.
هەرێمی کوردستان ڕۆژانە پێویستی بە ٦ ملیۆن لیتر بەنزین هەیە و لەگەڵ گرانبوونی نرخی بەنزین له جیهاندا و بڕینی ئەو بڕە بەنزینەی لە عێراقەوە بەپێی ڕێکەوتنێک دەهاتە هەرێم گرفتی گرانی نرخی بەنزینی لێکەوتەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە دەستی بە پاڵپشتی نرخی بەنزینی نۆرماڵ کرد و بڕێکی زیاتری خستە بازاڕەوە. تەوەرێکی دیكهی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە دابینکردنی نەوتی ماڵان و بەدواداچوون بۆ کوالێتی گازوایل و ڕێکخستنی دابەشکردنی غازی شل و پەیوەندییەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لەگەڵ حکومەتی عێراق دا .