وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوتی عێراق لەسەر میکانیزمی هەناردەکردنەوەی نەوت ڕێککەوتن

وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوتی عێراق لەسەر میکانیزمی هەناردەکردنەوەی نەوت ڕێککەوتن و کۆنووسی ڕێککەوتنەکەش لەلایەن ٢٣ کەسایەتیی شاندی هەردوولا واژۆ کراوە، ١٧ ئەندامییان شاندی وەزارەتی نەوتی عێراق بوون.
کۆبوونەوەکان لە ١٧ مانگی ٧ دەستیان پێکرد و لەم ماوەیە سەردانی تەواوی کێڵگەنەوتەکانی هەرێم کراوە و دوای هەڵسەنگاندنی کێشە هونەرییەکان، گفتوگۆیەکی زۆر، لە ١١ی مانگی ئابی ٢٠٢٥ ڕێککەوتن لەسەر میکانیزمی هەناردەکردنی نەوتی کێڵگەکانی هەرێم کراوە، کە بەگوێرەی بەرهەمی ڕۆژانەی کێڵگەنەوتییەکانی هەرێمی کوردستان دەبێت، ئەویش دوای ئەوەی ٥٠ هەزار بەرمیل بۆ پێویستیی ناوخۆی هەرێم گلدەدرێتەوە، بەرهەمەکەی دیکە بۆ هەناردەکردن ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ دەکرێت.
هەروەها بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان ماوەتەوە حکومەتی فیدراڵ لەگەڵ حکومەتی تورکیا قسە بکات و پرۆسەکە جێبەجێ بکرێت.