وەزیری سامانه سروشتييهكان بەشداریی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە چارەسەرکردنی کێشەی پیسبوونی کەشوهەوای هەولێر و دهۆک دەکات
ڕۆژى يهكشەممە ١٢ى كانوونى دووهمى ٢٠٢٥، کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری سامانه سروشتييهكان به وهكالهت بەشداریی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی کێشەی پیسبوونی کەشوهەوای هەردوو شاری هەولێر و دهۆکى بە سەرپەرشتیی سەرۆکی حکومەتی هەرێم کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا ئەم بڕیارانەی خوارەوە دران:
١- هەر پاڵاوگە یان کارگەیەک لە دەرەوەی مەرج و ڕێنماییەکان کار بکات و ببێتە هۆی پیسبوونی ژینگە، ڕێکاری یاسایی بەرانبەر دەگیرێتە بەر.
٢- ڕێگە لە هەر پاڵاوگەیەک یان هەر کەس و لایەنێک دەگیرێت سووتەمەنیی پیسی ئۆتۆمبێل بەرهەم بهێنێت یان بە ناياسايى بهێنێت و زیانی تەندروستی هەبێت. دەبێت سنوورێکیش بۆ سووتانی گازی هاوەڵ (الغاز المصاحب) لە کێڵگەنەوتییەکان دابندرێت.
٣- خاوەنی موەلیدەکانی کارەبا پابەندی ڕێنماییەکانی حکومەت بن و فیلتەریان بۆ دەنگ و پیسی هەبێت. هەر کەسێک سەرپێچی بکات، ڕێکاری یاسایی بەرانبەر دەگیرێتە بەر.
٤- ڕێگە بە بەکارهێنانی ئاوی پیس و ئاوەڕۆکان بۆ ئاودانی سەوزە و ئاودێری نادرێت.