ڕاگەیاندراوێک لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە

سەر لە بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، ١٦ـی تەمووزی ٢٠٢٥، لە ڕێگای درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە ژمارەیەک هێرشی تیرۆریستیی، کرایە سەر کێڵگە نەوتییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و قەزای شێخان، لە پارێزگای دهۆک.
سەر لە بەیانی ئەمڕۆ، لە ڕێگای درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە، ژمارەیەک هێرشی تیرۆریستیی کرایە سەر، کێڵگە نەوتییەکانی (تاوکێ، پێشخابوور، عین سفنی) لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و قەزای شێخان لە پارێزگای دهۆک. هەرچەندە هێرشەکان زیانی گیانییان نەبوو، بەڵام زیانی زۆریان بە ژێرخانی کێڵگەکان گەیاندووە.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، بە تووندی ئەم هێرشە تیرۆریستییانە ئیدانە دەکات؛ کە بەمەبەستی لێدانی ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان و دروستکردنی مەترسییە، لە سەر سەلامەتیی کارمەندانی مەدەنی کەرتی وزە.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، بانگەوازی هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکومەتی فیدراڵی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی دەکات، کە بە زووترین کات بێنە سەر خەت؛ بۆ پاراستنی گیانی کارمەندانی مەدەنی و ئەمنییەتی وزە و ڕێگریکردن لە هێرشی دیکە بۆ سەر کەرتی وزەی کوردستان. هەروەها هەموو هەوڵێکی خۆی بۆ پاراستنی گیانی کارمەندانی کەرتی وزە و پێگەی ستراتیجیی خۆی لە دابینکردنی سەقامگیریی وزە لە ناوچەکە و جیهان دەدات.