وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە وەڵامی ئەو تۆمەتانەی وەزارەتی نەوتی فیدراڵیدا ڕاستییەکان ڕوون دەکاتەوە

جارێکی دیکە، وەزارەتی نەوتی فیدراڵی بەیاننامەیەکی سیاسی بڵاودەکاتەوە کە تەواو دوورە لە ڕاستییە بابەتییەکان و لە ڕێگەیەوە سوورە لەسەر سیاسەتی خستنەئەستۆی هەرێمی کوردستان بەرپرسیارێتیی شکستە کەڵەکەبووەکان، کە لە بنەڕەتدا، دەرئەنجامی سیاسەتە (ناوەندییەکانن) کە ڕەچاوی بنەماکانی هاوبەشیی ڕاستەقینەیان نەکردووە کە عێراقی فیدراڵی لەسەری بنیات نراوە. پێش چوونە ناو وردەکارییەکانی وەڵامدانەوەی ئیدعاکانی باسکراو، دەمانەوێت لەبەرچاوی ڕای گشتی چەند ڕاستییەک بخەینەڕوو کە ناتوانرێت نکۆڵییان لێبکرێت و پشتگوێ بخرێن:
ئێوەن کە دەستوور بەشێوەیەکی زەق و بەردەوام پێشێل دەکەن و بوونەتە کۆسپ لەبەردەم پەسەندکردنی یاسای نەوت و گازی فیدراڵی بۆ چەندین ساڵ، ئەم یاسایە کە بەردی بناغەیە بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشە نەوتییەکان. لە جیاتی ئەوە، پێداگری دەکەن لەسەر دەستگرتن بە سیستەمی یاساکانی ڕژێمی پێشوو کە یاسای بەعسیی ناوەندیی سەردەم بەسەرچوون، بە تایبەتی یاسای ساڵی ١٩٧٦، کە بە شێوەیەکی ڕوون و ئاشکرا ناکۆکە لەگەڵ پرەنسیپەکانی سیستەمی فیدراڵی و ماددەکانی دەستووری کارپێکراو. بەوەش نەوەستان، بەڵکو مووچە و بژێوی هاووڵاتییانی هەرێمتان بڕی، لە پێشێلکارییەکی ئاشکرای سادەترین مافە مرۆییەکانیان و سیاسەتی برسیکردنی سیستماتیکیان لە دژ پەیڕەو دەکەن، بە مەبەستی جێبەجێکردنی پیلانە جیاکارییەکانتان کە پێچەوانەی دەستوورن و ئەوە یەکێکە لە قێزەونترین پێشێلکارییەکانتان.
سەبارەت بە تۆمەتەکانی بەقاچاغبردنی نەوت لە هەرێم، ئەوا هەوڵێکی ئاشکرایە بۆ لادانی سەرنج لەسەر ئۆپەراسیۆنەکانی بەقاچاغبردن و گەندەڵیی بەرفراوان لە ناوچەکانی دیکەی عێراق. ئێوەن کە نەوت لە باشوور بە قاچاخ دەبەن و هەموو کێشەکانی گەندەڵی لەبەرچاوی هەمووان ئەنجام دەدەن، بە شایەتیی ڕاپۆرتە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان کە قەبارەی بەهەدەردان و گەندەڵی ئاشکرا دەکەن. ئێوەشن کە نەوت تێکەڵ دەکەن و خزمەتی بەرژەوەندییەکانی ئەوانی تر دەکەن لە جیاتی خزمەتکردنی عێراق و گەلەکەی، بە سیاسەتگەلێکی جێی داخ کە زیانی بە ناوبانگی نەوتی عێراقی لە ئاستی جیهاندا گەیاندووە.
لە بەرانبەردا، هەرێمی کوردستان پابەند بووە بە هەموو ئەرکەکانیەوە، سەرەڕای پابەندنەبوونی لایەنی بەرانبەر بە بەرپرسیارێتی و ئەرکە دەستوورییەکانی. خستنەئەستۆی هەرێم بەرپرسیارێتیی زیادەی ئۆپێک هەڵەی ئێوەیە، چونکە ئێوە نەوتی ئەوانی تر بە ناوی نەوتی عێراقییەوە دەفرۆشن. مافی دەستووریی هەرێم لە بەرهەمهێنان دوو هێندەی ئێستایە، بەڵام هەرێم، لەپێناو بەرژەوەندیی گشتیی وڵات، تەنانەت نیوەی ئەم بڕە شایستەیەش بەرهەم ناهێنێت. زیاتر لە ١١ ملیۆن بەرمیل نەوتمان ڕادەست کردوون و یەک دیناریشتان لە بەرانبەردا بۆ هەرێمی کوردستان نەناردووە، لە پێشێلکارییەکی ئاشکرای ڕێککەوتن و پابەندییە داراییەکان.
سەبارەت بەوەی لە بەیاننامەکەی دواییتاندا هاتووە، ئەم ڕاستییانەی خوارەوە ڕووندەکەینەوە، بە شێوەیەک کە گومانی تێدا نییە:
1- حکومەتی هەرێم ئەو لایەنە نییە کە بووەتە هۆی ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوت، بەڵکوو ئەوە لە ئەنجامی ئەو سکاڵایەوە بوو کە وەزارەتی نەوتی فیدراڵی لە دژی وەزارەتی وزەی تورکیا تۆماری کرد و بەهۆیەوە هەناردەکردن لە ٢٥/٣/٢٠٢٣ ڕاگیرا، کە بووە هۆی زیانگەیاندن بە حکومەتی فیدراڵی و هەرێم و کۆمپانیاکان بە زیاتر لە ٢٥ ملیار دۆلار.
2- لە ماوەی چەند ڕۆژێکی کەمدا، و بەدیاریکراوی لە ٤/٤/٢٠٢٣، ڕێککەوتن لەگەڵ وەزارەتی نەوت کرا بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی هەناردەکردن، بەڵام یاسای بودجە بڕیاریدا لەسەر دیاریکردنی بڕێک بۆ تێچووی بەرهەمهێنان (کە شەش دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێک)، ئەمەش وایکرد زۆربەی کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان واز لە بەرهەمهێنان بهێنن بەپێی ئەم دیاریکردنە.
3- لەسەر داوای وەزارەتی نەوت، بڕێک لە نەوتی هەرێم ڕادەستی یەکێک لە پاڵاوگەکان کرا کە بۆ بەرژەوەندیی وەزارەتی نەوت کار دەکات، ئەمەش بۆ ماوەیەک کە لە پێنج مانگ زیاتر بوو. کۆی گشتیی ئەوەی ڕادەستکرا (١١،٨٢٦،٢١٨) بەرمیل بوو. سەرەڕای ئەم پابەندبوونەی لایەنی هەرێم، یەک دینار لە بەرانبەر ئەم بڕە نەدرا و بەهۆی ئەوەشەوە، کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان وازیان لە ڕادەستکردنی بەرهەمەکانیان بە وەزارەتی نەوتی فیدڕال هێنا.
4- لە سەرەتای پێکهێنانی حکومەتی فیدراڵیی ئێستا، لیژنەیەکی هاوبەش پێکهێنرا بۆ ئامادەکردنی ڕەشنووسی یاسای نەوت و گازی فیدراڵی. بە کردەوە چەندین کۆبوونەوە بۆ ئەم مەبەستە ئەنجام درا، بەڵام ئەم هەوڵانە تا ئێستا هیچ ئەنجامێکیان نەبووە. سستی و دواکەوتنێکی ڕوون لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە بەدی دەکرێت لە بەدواداچوونی ئەم دۆسیە زۆر گرنگە، کە کلیلی چارەسەری ڕاستەقینەی ناکۆکییە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوو حکومەتە.