وەزیری سامانە سروشتییەكان پێشوازی لە كونسوڵی گشتیی ڕووسیا كرد
ڕۆژی دووشەممە، ٢٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، کەمال محەممەد ساڵح وەزیری کارەبا و وەزیری سامانە سروشتییەکان بە (وەکالەت)، پێشوازیی لە ماکسیم ڕۆبین کونسوڵی گشتیی ڕووسیا لە هەرێمی کورستان و شاندێکی یاوەری کرد.
لە دیدارێکدا کە بەرپرسانی کۆمپانیای بۆڕیی نەوتی کوردستان (KPC) ئامادەبوون، کونسوڵی گشتیی ڕووسیا ئاماژەی بە پەیوەندیی توندوتۆڵی مێژوویی نێوان ڕووسیا و هەرێمی کوردستان کرد، کە هەردوو گەلی ڕووسیا و كورد خاوەنی مێژوویەكی كۆن و دێرینن و پەیوەندییەكی بەهێزی كەلتووری و ڕۆشنبیری و سیاسیی پێكەوەیان دەبەستێتەوە؛ ئەمەش ڕۆڵی لە پەرەپێدانی پەیوەندیی ئابووری، بەتایبەتی لە بواری وزە و نەوت لە نێوان وڵاتەکەی و هەرێمی کوردستان هەبووە و كۆمپانیاكانی وڵاتەكەی دەستپێشخەربوون لە وەبەرهێنان لە بواری نەوت و وزە.
وەزیری سامانە سروشتییەکان، ئامادەیی وەزارەتی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و هاندانی وەبەرهێنانی بیانی لە کەرتی وزەی هەرێمی کوردستان دەربڕی و ئاماژەی بە هەوڵەكانی وەزارەتەكەشی دا كە لەپێناو پەرەپێدانی كەرتی وزە و نەوت لەنێوان هەرێمی كوردستان و عێراق ئەنجامیان داوە و بەرهەمهێنانی نەوت و هەناردەكردنەوەی نەوت، لەدوای هێرشە درۆنییەكان و ناردنە دەرەوە، ئاسایی بووەتەوە و ڕووی لەزیادبوون كردووە.