وەزیری سامانە سروشتییەکان لەگەڵ هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق کۆ بووەوە
ڕۆژی سێشەممە، 25ی تشرینی دووەمی 2025، لە دیدارێكدا، كەمال محەممەد ساڵح وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، پێشوازی لە چۆشوا هاریسۆن هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق و شاندی یاوەری كرد.
لە دیدارەکەدا کە وێندی گرین کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان ئامادە بوو، وێڕای جەختكردنەوە لەسەر پەیوەندیی مێژوویی و بەهێزی نێوان گەلی كورد و ئەمەریكا، باسیان لە دوا پەرەسەندنەكانی هەناردەكردنەوەی نەوت و بابەتی شایستە داراییەكانی كۆمپانیاكانی نەوت کرد.
چۆشوا هاریسۆن هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق، خۆشحاڵیی وڵاتەکەی بەرامبەر بەو هەنگاوانەی کە بۆ پرسی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان و زیادبوونی بەرهەمهێنانی نەوت نراوە دەربڕی. هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە دەیانەوێت ئەم ڕێکەوتنە سێ لایەنە بەردەوام و درێژخایەن بێت و چارەسەری ئاستەنگ و هەموو ئەو گرفت و کێشانەش بکرێت، کە دێتە بەردەمی ڕێکەوتنەکە. هاوکات پشتیوانی لە وەبەرهێنان لە کەرتی نەوتی هەرێم دەکات. لە درێژەی قسەکانیشیدا گوتی: "بابەتی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان، بابەتێكی ستراتیژی و گرنگە لەلای ئیدارەی ئەمەریكا".
هەروەها بەشێكی گرنگی کۆبوونەوەكە، تایبەت بوو بە باسکردنی دوایین پەرەسەندنەكانی نێوان وەزارەتی نەوتی عێراق و سامانە سروشتییەكان، بەتایبەت چارەسەركردنی گرفتە تەكنیكییەكان و بابەتی شایستە داراییەكانی كۆمپانیا نەوتییەكان.
لە کۆتاییی کۆبوونەوەکەدا، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە عێراق، دەستخۆشی لە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان کرد، بۆ پابەندبوونیان بە ڕێكەوتنی سێ لایەنەی نێوان وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدراڵ و كۆمپانیای سۆمۆ و كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی نەوت.