Skip to the content

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆژەی ڕاکێشانی بۆڕیی گازی سروشتی بۆ وێستگەی کواشێ کردەوە

ڕۆژی سێشەممە، ٢٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی ڕاکێشانی بۆڕیی گازی سروشتیی بۆ وێستگەی کواشێ کردەوە. بۆڕیی ڕاکێشانی گازی سروشتی لە هەولێر بۆ دهۆک، بە یەکێک لە پڕۆژە ستراتیژییە گرنگەکانی هەرێمی کوردستان دادەنرێت. ئەم پڕۆژەیە بۆ وێستگەی کواشێ بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا گرنگییەکی زۆری هەیە و پرۆژەکە بە درێژایی 198 کیلۆمەتر و بە تێچوونی591 ملیۆن دۆلار، لە لایەن کۆمپانیای "کار"ەوە جێبەجێ کراوە و وزەیەکی جێگیر و خاوێن بە تێچووەیەکی کەمتر دەگەیەنێتە ئەم وێستگەیە کە 1000مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت و بۆ ئاوەدانی و پەرەپێدانی ئابووری و سەرکەوتنی پرۆژەی کارەبای 24 کاتژمێریی گرنگییەکی زۆری هەیە.

لە ڕێوڕەسمەکەدا، کەمال محەممەد ساڵح وەزیری کارەبا و سامانە سروشتییەکان و عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆک، وەبەرهێنەرانی وزە لە هەرێمی کوردستان و کرێکارانی وێستگەکە ئامادەبوون و سەرۆکی حکومەت لە وتەیەکدا گوتی، ئەم پڕۆژانە خرانە خزمەتی خەڵکی کوردستان و سوپاسی کۆمپانیای کاری کرد کە بە ساڵ و نیوێک پڕۆژەکەی جێبەجێ کرد.

سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بە ڕاکێشانی بۆرییەکی دیکەی گواستنەوەی گاز لە کۆڕمۆڵ بۆ چەمچەماڵ کرد و گوتی: " نەوت و گاز بۆ خزمەتکردنی خەڵکی کوردستانە بێ جیاوازی و لە پڕۆژەی ڕووناکیی 24 کاتژمێریی کارەبا لە سەرانسەری کوردستان، چوار ملیۆن هاووڵاتیی سوودمەندبوونە و تا کۆتاییی ئەمساڵ سەرجەم هاووڵاتییانی کوردستان لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان لەم پڕۆژەیە سودمەند دەبن. داواکارم لە بواری وزەوە، وەزارەتی کارەبا زیاتر ڕوو لە وزەی خۆر بکات". لە کۆتاییی قسەکانیدا سەرۆکی حکومەت، دەستخۆشی و سوپاسی وەزارەتی کارەبا و کارمەندان و تیمی پڕۆژەی ڕووناکیی 24 کاتژمێری کرد.

وەزیری کارەبا لە وتەیەکدا ئاماژەی بەوە کرد کە وێستگەی کواشێ ئیدی بە گازوایل کار ناکات، بەڵکو بە گازی خاوێن کار دەکات، ئەم پرۆژەیە پلان و بەرنامەی کابینەی نۆیەم و بە پشتگیریی سەرۆکی حکومەتە، کە بۆ بونیاتنانی ژێرخانی وزە بنیاتنراوە و بەرهەمهێنانی گاز دوو هێندە زیاد بووە و 1840 مێگاواتی نوێی کارەبا خرایە کار و لە کەرتی کارەبا خزمەتگوزارییەکی باشتر پێشکەشی هاووڵاتییان دەکرێت.