ناوچەی هەورامان وەکو ناوچەیەکی کەلتووری-مێژوویی لە ئاستی جیهاندا تۆمار کرا
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- وهزارهتی ڕۆشنبیری حكومهتی ههرێمی كوردستان، بهیاننامهیهكی بڵاوكردهوه كه تایبهته به تۆماركردنی ناوچەی هەورامان وەکو ناوچەیەکی کەلتووری-مێژوویی لە ئاستی جیهاندا كه لە چل و چوارەمین دانیشتنی کۆمیتەی میراتی جیهانی ڕێکخراوی جیهانیی یونسکۆ کە لە شاری فوجوی وڵاتی چین و بەئامادەبوونی نوێنەری ١٣٩ وڵات بەڕێوە چوو ئهم ناوچهیه خرایە لیستی شوێنەوارەکانی جیهانەوە.
لەو بەشەی کەتایبەتە بە هەورامانەوە ڕێکخراوی یونسکۆ دەڵێت:
"(ناوچە دوورە دەست و شاخاوییەکانی هەورامان لانکە و گەواهیدەری کلتووری خەڵکی هەورامانن. هەورامییەکان وەک بەشێک لە کورد لە 3000 ساڵ پێش زایینەوە لەو ناوچەیە دەژین، کاری باخداری کشتوکاڵ و ئاژەڵداری دەکەن. لەناو دڵی چیاکانی زاگرۆس، لە پارێزگاکانی سنە و کرماشان بە درێژایی سنوورەکانی رۆژئاوای ئێران، لە دوو بەشی سەرەکی پێکهاتووە: لە ناوەراست و رۆژهەڵاتەوە ژاوەرۆ و تەخت ( لە پارێزگای سنە)، لە رۆژئاواشەوە لهۆن (لە پارێزگای کرماشان).
شێوازی ژیانی خەڵکی هەورامان بە شێوەیەکە خۆیان لەگەڵ سروشت و سەختی ناوچەکە گونجاندووە. بیناسازی و دروستکردنی خانوو لە ناوچە لێژەکان، چاندنی دار و درەخت لەسەر بەرد و ناوچە شاخاوییەکان، شێوازی بەخێوکردنی ئاژەڵ و کۆچی کورت ماوەی وەرزی، لە دیارترین جیاکەرەوەکانی ژیان و کلتووری هەوارمییەکانە، کە ساڵانە بەگوێرەی وەرزەکان لە بەرزایی و پێدەشتەکاندا ژیان دەکەن (زستانان لەناو گوند و هاوینان لەناو باخ).
بەردەوامی لە ناوچەکەیان ماونەتەوە و ژیانیان کردووە، کە بە چەندین خەسڵەتی جیاکەرەوەی ژینگەی و تایبەتی ناسراوە، ئەم خەسڵەتانەش لە هەڵکۆڵراوی سەر بەرد، ئەشکەوت، پەناگە، چیاکان، پاشماوەی شوێنە کاتی و هەمیشەییەکانی نیشتەجێبوون، شوێنکار، گۆڕستان، رێگا، گوند، قەڵا و زۆر شتی دیکەدا نەخشێنراوە و دەردەکەون.
ئەو 12 گوندەی لە پڕۆژەکەدان، گەواهیدەر و سەلمێنەری ئەوەن، خەڵکی هەورامان سەرەڕای نەبوونی خاکی بەپیت لە ناوچە شاخاوییەکانیان توانیویانە وەڵامێکی باشی سروشت بدەنەوە و خۆیانی لەگەڵ بگونجێنن)"
ئەمە دەرخەری ئەو راستییەیە، کە ئەم ناوچەیە لە دێر زەمانەوە شوێنی ژیان و ژیار بووە و رەهەندێکی گرنگی شارستانییەتی مرۆڤایەتی لە خۆیدا هەڵگرتووە و حەشارداوە.
ئەم دەسکەوتە ئەوەمان پێدەڵێت کە کەلتووری دەوڵەمەندی ئەم سەرزەمینە شانازییە بۆ هەموو ئەوانەی کەخۆیان بە بەشێک لەگەلەکەمان دەزانن، تۆماری جیهانی هەورامان لەلایەن یونسکۆوە هەمووان دڵخۆش دەکات، بۆیە دەبێت پارێزگاری لە کلتوورو شێوەزاری ئەم ناوچە رەسەنە بکەین وەک سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندی گەلەکەمان.
یونسکۆ لە 1965ەوە کۆمیتەی شوێنەوارە جیهانییەکانی دامەزراند و لەو کاتەوە ساڵانە لیستی ناوچە پارێزراوەکان وەک سامانی جیهانی زیاتر دەکات.