Skip to the content

وەزارەتی ڕۆشنبیری: پێویستە ڕۆژنامەنووسان پابەندبن بە ئیتیک و ئەخلاقیاتی کاری ڕۆژنامەنووسی و دوورکەوتنەوە لە زمانی تەشهیر و ناوزڕاندن

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- وەزارەتی ڕۆشنبیری حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی ساڵیادی ڕۆژنامەگەریی کوردی پەیامێکی بڵاو کردەوە و تیایدا هاتووە : بە بۆنەی ساڵوەگەڕی ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردییەوە، پیرۆزبایی لە هەموو ڕۆژنامەنووسان و میدیاکارانی کورد، لە هەر چوار پارچەی کوردستان دەکەین و یادی دامەزرێنەران و پێشەنگانی ئەم کایە هەرە مەزن و کاریگەرەی مێژووی دێرین و هاوچەرخی گەلی کورد بەرز ڕادەگرین و دروود بۆ گیانی پاکی ڕۆژنامەنووسە شەهیدەکان دەنێرین کە گیانی خۆیان لە ڕێی سەربەخۆیی نیشتمان و ئازادی ڕا دەربڕین و پاراستنی زمان و کلتووری گەلەمان بەخشیوە  .
لەم بۆنەیەدا، وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی کوردستان، دووپاتی پابەندبوونی بە سیاسەتی حکومەتی هەرێم و هەموو یاسا پەیڕەوکراوەکان دەکاتەوە، کە بە ماندووبوون و خەمخۆری دڵسۆزانی ئازادی هاتوونەتە ئاراوە و بەردەوام کار بۆ پەرەپێدانیان دەکەن، لە پێناو گرێدانی دروست و تۆکمە لە نێوانی ئازادی و بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی و نیشتمانیدا.
وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان، لە کاتێکدا لایەنگری بێ چەندوچوونی ئازادی ڕا دەربڕین و گەیشتن بە زانیارییەکان و وەشاندن دەکات، هەروەها لە ڕێی یاسا کارپێکراوەکانی هەرێمی کوردستان و پرەنسیپە نێودەوڵەتییەکانەوە، کار دەکات لە پێناو پاراستنی ئازادییەکان و بەرزڕاگرتنی بەها کۆمەڵایەتی و نیشتمانییەکان و ئاشتەوایی و پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی و قبووڵکردنی جیاوازییەکان وەک داینەمۆی پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی.
لە سۆنگەی ئەوەشەوە ئێمە وەکو وەزارەتی ڕۆشنبیری بڕوامان بە پەرەسەندنی بەردەوامی ژیان و کۆمەڵگە و هەموو کایەکانی ژیان هەیە، بڕواشمان بەوەیە کە پێویستە بەردەوام بە یاساکاندا بچینەوە و هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵ پێشکەوتنی کۆمەڵگەی خۆمان و فراوانبوونی بازنەی جیهانیی ئازادییەکان، گۆڕانکاری پێویستیان تێدا بکەین. 
بێگومان ئەم هەنگاونانە لە بەری ڕۆژنامەنووسان و میدیاکارانیشەوە، جگە لە بەشداری کارا، هەروەها پابەندبوونیان بە ئیتیک و ئەخلاقیاتی کاری ڕۆژنامەنووسی و میدیاو دوورکەوتنەوە لە زمانی تەشهیر و ناوزڕاندن و هەڵبەستنی هەواڵی نادروست و هەڵپەکردن بۆ بازاڕگەرمیی دەخوازێ، بە تایبەتی لە کۆمەڵگەیەکی وەک کۆمەڵگەی کوردستان، کە فرە نەتەوە و فرە ئایین و مەزهەبە و بە قۆناغێکی سەختی بنیاتناندا تێدەپەڕێ و کۆسپ و تەگەرە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی بەردەمی زۆر و زەوەندن.
دووبارە پیرۆز بێ یادی ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی.