Skip to the content

قه‌ڵغانی ڕێزلێنان ده‌به‌خشرێته‌ حه‌وت هونه‌رمه‌ندی شانۆی سەرشەقامی کەرکووک

بڕیارە لە رۆژانی ١٩ تا ٢١ تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، به‌شداری ٢٤ تیپی شانۆیی (كوردستان، عێراق، سووریا، ئێران، جه‌زائیر، تونس و ئیتاڵیا)، لە ژێر چاودێری حه‌مه‌ی حه‌مه‌سه‌عید، وه‌زیری ڕۆشنبیری و لاوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، حه‌وته‌مین فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی شانۆی سەرشه‌قام له‌ شاری كه‌ركووك به‌ڕێوه‌بچێت.

له‌ چوارچێوه‌ی چالاكییه‌كانی فێستیڤاڵه‌كه‌دا، جگه‌ له‌ نمایشی شانۆ، ڕێوڕه‌سمی ناساندن بۆ چه‌ند كتێبێك ده‌كرێت و ٨ شانۆكاری به‌ ئه‌زموونیش به‌شداری پانێلێكی تایبه‌ت به‌ هونه‌ری شانۆ و ئه‌زموونه‌كانیان له‌و بواره‌دا پێشكه‌ش ده‌كه‌ن.

ده‌ق و نمایشه‌ شانۆییه‌كان و لێهاتوویی شانۆكاره‌كان له‌ لایه‌ن چه‌ند لیژنه‌یه‌كی تایبه‌تمه‌نده‌وه‌ هه‌ڵده‌سه‌نگێندرێن و خه‌ڵات به‌سه‌ر باشترین ئه‌كته‌ری كوڕ و كچ و باشترین بیرۆكه‌ و به‌رهه‌م و ده‌رهێنه‌ر دابه‌ش ده‌كرێت.

لەو چوار چێوەیەشدا بڕیاره‌ له‌ سێیه‌م ڕۆژی فێستیڤاڵدا، خه‌ڵات و قه‌ڵغانی ڕێزلێنان ببه‌خشرێت به‌ هه‌ریه‌ك له‌ هونه‌رمه‌ندان "گه‌زیزه‌ عومه‌ر، حه‌مه‌سوار محه‌ممه‌د، د.كه‌ریم خه‌نجه‌ر، شیراز عه‌زیز، سه‌ربه‌ست ئه‌حمه‌د، حه‌یده‌ر عه‌بدولڕه‌حمان و سه‌لام زه‌نگه‌نه‌".

به‌ڕێوه‌چوونی فێستیڤاڵه‌كه‌ دوای ئه‌و هه‌وڵانه‌ دێت، كه‌ وه‌زیری ڕۆشنبیری و لاوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان خستیه‌گه‌ڕ له‌ پێناو به‌رده‌وامیدان به‌ خوله‌كانی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی شانۆی شه‌قام له‌ كه‌ركووك و سه‌رخستنی فێستیڤاڵه‌كه‌.