وه‌زیری ڕۆشنبیری و لاوان بانگهێشتی زارا ماگۆیانی بۆ هەرێمی کوردستان کرد
ڕۆژی سێشەممە ١٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، حه‌مه‌ی حه‌مه‌سه‌عید، وه‌زیری ڕۆشنبیری و لاوان و شاندی یاوه‌ری، پێشوازیان له هونه‌رمه‌ندی ناوداری كورد و ڕوسیا "زارا ماگۆیان" کرد کە بەمەستی بەخێرهێنان سەردانی وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی کردبوو.
له دیداره‌كه‌دا، زارا ماگۆیان، ڕایگەیاند: له ناو بنه‌ماڵه‌كه‌ماندا پارێزگاری له كلتوور و زمانی كوردی كراوه و خێزانه‌كه‌مان هه‌ر به زمانی كوردی ده‌دوێن و ڕاشیگەیاند: ''پێنج ساڵه به وردی كار له‌سه‌ر میوزیكی كوردی ده‌كات و هه‌موو هه‌وڵێكی خستووه‌ته‌گه‌ڕ بۆ خزمه‌تكردنی كایه‌ی میوزیك و هونه‌ری كوردی و ناساندنی به گه‌لانی جیهان.''
ئەو هونەرمەندە کوردە ئاماژەشی بەوەدا کە هونه‌ری كوردی، زۆر ده‌وڵه‌مه‌نده و هونه‌رمه‌ندان ده‌توانن له ڕێگه‌ی هونه‌ره‌كه‌یانه‌وه په‌یامی گه‌له‌كه‌یان بگه‌یه‌نن و جەختیشی لەوە کردەوە کە ئه‌و وه‌ك هونه‌رمه‌ندێكی كورد، هه‌رێمی كوردستان به وڵاتی خۆی ده‌زانێت و هه‌میشه خواستی هه‌بووه سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان بكات.
له به‌رامبه‌ردا، وه‌زیری ڕۆشنبیری و لاوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، وێڕای ده‌ربڕینی پێ‌زانین بۆ هه‌وڵه‌كانی زارا ماگۆیان، سوپاسکردنی بنەماڵەکەی کرد لەبەرامبەر ڕەخساندنی زەمینە و ژینگەیەکی لەبار بۆ پەروەردەکردنی ئەو خاتوونە هونەرمەندە، هاوكات بانگهێشتی كرد بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ردانی كه‌مپی ئاواره‌كانی شنگال و په‌رستگه‌ی لالش بكات و له هه‌رێمی كوردستان كۆنسێرتی گۆرانی و میوزیك ساز بكات.
زارا ماگۆیان، هونه‌رمه‌ندێكی ناوداری كوردی ڕوسیایه، له شاری لینینگراد له بنه‌ماڵه‌یه‌كی كورد له‌دایكبووه و له ٢٠١٦ دا، له لایه‌ن ڕێكخراوی یونسكۆوه وه‌ك باڵیۆزی ئاشتیی جیهانی ناسێندراوه.