وه‌زیری ڕۆشنبیری و لاوان كڵێسه‌ی ئاشووریی مۆسكۆی به‌سه‌ر كرده‌وه
رۆژی چوارشەممە ١٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، حه‌مه‌ی حه‌مه‌سه‌عید، وه‌زیری ڕۆشنبیری و لاوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و شاندی یاوه‌ری و بەئامادەبوونی د.دانەر مستەفا، نوێنەری حکومەتی هەرێم لەڕوسیا، سه‌ردانی كڵێسه‌ی ئاشوورییان له مۆسكۆ كرد.
كڵێسه‌كه تایبه‌ته به ئاشوورییه‌كانی نیشته‌جێی مۆسكۆ و له ساڵی ١٩٩٨ كراوه‌ته‌وه و وێڕای سرووته ئایینییه‌كان چالاكی دیكه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و ڕۆشنبیری تێدا ئه‌نجام ده‌درێت.
شاندی باڵای وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری و لاوان، له‌لایه‌ن قه‌شه‌ی كڵێسا، خۆر ئەسقف سامانۆ ئۆدشۆ، كه كریستیانێكی هه‌رێمی كوردستانه، پێشوازییان لێكرا.
له میانی سه‌ردانه‌كه‌یدا، وه‌زیری ڕۆشنبیری و لاوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ڕایگه‌یاند، له هه‌رێمی كوردستاندا، كه‌شێكی ئارام بۆ پێكه‌وه‌ژیانی سه‌رجه‌م پێكهاته ئایینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان ڕه‌خسێندراوه و پێكهاته‌كان ڕۆڵێكی كاریگه‌ریان له گه‌شه‌ی هونه‌ر و كلتوور و ڕۆشنبیری هه‌یه.
حه‌مه‌ی حه‌مه‌سه‌عید ئاماژەشی بەوەدا کە وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری و لاوان وه‌ك ئامانجێكی ستراتیژی كار بۆ قووڵتركردنه‌وه‌ی گیانی لێبوردن و پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتیانه ده‌كات.
ڕوونیشیكرده‌وه، له چوارچێوه‌ی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری و لاوان‌دا، به‌ڕێوەبه‌رایه‌تی گشتیی بۆ خزمه‌تكردنی هونه‌ر و كلتوور و ڕۆشنبیری پێكهاته‌كانی ئاشوور كلدان سریان، ئه‌رمه‌ن و توركمان كراوه‌ته‌وه و به چاوی بایه‌خه‌وه ده‌ڕوانرێته بووژاندنه‌وه‌ی هونه‌ر و كلتوور و پێشخستنی كایه‌ی ڕۆشنبیری تایبه‌ت به خۆیان.
له به‌رامبه‌ردا، قه‌شه‌ی كڵێساكه، وێڕای به‌خێرهێنانی وه‌زیری ڕۆشنبیری و لاوان و شاندی وه‌زاره‌ت، دڵخۆشی خۆی به ڕه‌وشی ئارام و پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتیانه‌ی پێكهاته‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕی.