له مۆسكۆ وه‌زیری ڕۆشنبیری و لاوان پێشانگه‌یه‌كی شێوه‌كاری بۆ شه‌ش هونه‌رمه‌ندی كورد كرده‌وه
رۆژی ١٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، حه‌مه‌ی حه‌مه‌سه‌عید، وه‌زیری ڕۆشنبیری و لاوان، له گەلەری هونەری مۆدێرن لە شاری مۆسکۆ، پێشانگه‌یه‌كی شێوه‌كاری بۆ شه‌ش هونه‌رمه‌ندی كوردی ڕووسیا كرده‌وه.
له پێشانگهكهدا ژماره‌یه‌ك به‌رهه‌می هونه‌رمه‌ندانی كوردی ڕووسیا نمایشكرا، كه تایبه‌ت بوون به لایه‌نه‌كانی ژیان و كلتووری كورد له ڕووسیا، ژماره‌یه‌ك له هاووڵاتیانی ڕووسیا و به‌شێك له هاووڵاتیانی كوردی ڕووسیا له مه‌راسیمی كردنه‌وه‌ی پێشانگهكهدا ئاماده‌بوون.
لە وتەیەکدا وه‌زیری ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ستایشی هونه‌ر و خزمه‌تی هونه‌ریی هونه‌رمه‌ندانی كوردی ڕووسیای كرد و هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ خواستن.
هونه‌رمه‌نده به‌شداربووه‌كان داوایان كرد، له‌مه‌ودوا له هه‌رێمی كوردستان ده‌رفه‌ت بڕه‌خسێنرێت، ئه‌وانیش به كار و به‌رهه‌مه هونه‌رییه‌كانیان به‌شداری له چالاكییه هونه‌رییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن.
وه‌زیری ڕۆشنبیری و لاوان به‌ڵێنی پێدان هه‌موو ئاسانكارییه‌ك بكات بۆ ئه‌وه‌ی هونه‌رمه‌ندانی كوردی تاراوگه به گشتیی و هونه‌رمه‌ندانی كوردی ڕووسیای فیدڕاڵ به تایبه‌تی بتوانن به‌رهه‌م و چالاكییه هونه‌رییه‌كانیان له هه‌رێمی كوردستان نمایش بكه‌ن.
حه‌مه‌ی حه‌مه‌سه‌عید، دووپاتیكرده‌وه، هه‌رێمی كوردستان ماڵی هه‌موو كوردێكه و وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری و لاوانیش به ئه‌ركی خۆی ده‌زانێت، هاوكار و پشتیوانی هونه‌رمه‌ندانی كورد بێت.