وه‌زیری ڕۆشنبیری و لاوان له مۆسكۆ كۆنسێرڤاتۆری چایكۆڤسكی به‌سه‌ركرده‌وه
رۆژی هەینی ١٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، حه‌مه‌ی حه‌مه‌سه‌عید، وه‌زیری ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و د.دانه‌ر مسته‌فا، نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێم له ڕووسیا، سه‌ردانی "كۆنسێرڤاتۆری چایكۆڤسكی"یان له مۆسكۆ كرد، كه دووه‌م دێرینترین په‌یمانگه‌ی میوزیكه له ڕووسیا.
خاتوو مارگرێتا ئیڤانۆڤنه كاراتیگینا، به‌رپرسی به‌شی هاوكاری نێوده‌وڵه‌تی و به‌یه‌كه‌وه كاركردنی پرسه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی كۆنسێرڤاتۆری چایكۆڤسكی پێشوازی له شاندی هه‌رێمی كوردستان كرد.
وه‌زیری ڕۆشنبیری و لاوان به بایه‌خه‌وه باسی ڕۆڵی میوزیك و هونه‌ری له به‌یه‌ك گه‌یشتنی شارستانییه‌ته‌كان و ئاشنایی گه‌لان به ژیاری یه‌كتری كرد و ڕایگه‌یاند:'' هه‌رێمی كوردستان له قۆناغی زێڕینی گه‌شه‌ی كلتووری و هونه‌ری خۆیدایه، هونه‌رێكی هه‌مه‌ڕه‌نگ و فره‌چه‌شن له هه‌رێمه‌كه بووه‌ته سیمبوڵی پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتیانه و ڕێزگرتنی به‌ها و كلتووری جیاوازی نێوان پێكهاته جیاجیاكان.''
حه‌مه‌ی حه‌مه‌سه‌عید راشیگەیاند: ''وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری و لاوان وه‌ك چه‌تری كۆكه‌ره‌وه‌ی سه‌رجه‌م پێكهاته كلتووری و فه‌رهه‌نگییه‌كان كاری كردووه، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش به‌ڕێوبه‌رایه‌تی گشتیی تایبه‌ت بۆ ڕۆشنبیری و كلتوور و هونه‌ری سه‌رجه‌م پێكهاته نهتهوهیییهكانی وه‌ك (ئه‌رمه‌ن، كلدان سریان ئاشووری و توركمان) كراوه‌ته‌وه، تا بتوانن په‌ره به فه‌رهه‌نگ و كولتووری هونه‌ری خۆیان بده‌ن.''
ئاماژەشی بەوەدا کە هه‌رێمی كوردستان پێویستی به كرانه‌وه‌ی زیاتری كلتووری به ڕووی جیهانی ده‌ره‌وه‌دا هەیە و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش به گرنگییه‌وه ده‌ڕوانینه به‌شداری میوزیكسانانی كورد له ناوه‌نده ئه‌كادیمییه‌كانی جیهاندا و ده‌یانه‌وێت له‌گه‌ڵ كۆنسێرڤاتۆری چایكۆڤسكی له مۆسكۆ په‌یوه‌ندییه‌كانیان فراوان بن و كار بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌زموونی ئەوان بگوازنه‌وه ناوه‌نده زانستی و هونه‌رییه‌كانیان.
وه‌زیری ڕۆشنبیری و لاوان ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، له هه‌رێمی كوردستان جگه له كۆلیژه‌كانی هونه‌ر له زانكۆكان، ١١ په‌یمانگه‌ی تایبه‌ت به هونه‌ر و میوزیك هه‌ن و فێرخوازان لێیان سوودمه‌ندن. وتیشی:'' هیوادارین له‌م په‌یمانگه‌یه‌دا ده‌رفه‌ت بدرێته ئه‌و میوزیكسانه كوردانه‌ی ده‌یانه‌وێت له بواری میوزیك بخوێنن.''
له به‌شێكی دیكه‌ی وته‌كانیدا، وه‌زیری ڕۆشنبیری و لاوان ئاماژه‌ی به ده‌وڵه‌مه‌ندی فه‌رهه‌نگ و هونه‌ری میوزیكی كوردی كرد و وتی: ''له ناو كورددا میوزیك وه‌ك سرووتێكی ئایینی مێژووی هه‌زاران ساڵه‌ی هه‌یه و تا ئێستاش له كلتووری ئایینی یارساندا میوزیك وه‌ك به‌شێك له سرووتی پیرۆز و گه‌شه‌پێدانی ڕووحیه‌تی ئایینی ڕۆڵی هه‌یه، هه‌روه‌ها سیاچه‌مانه، لاوك، حه‌یران، به‌سته، مه‌قام، هۆره و سه‌رجه‌م هونه‌ره‌كانی خۆشخوانی و چڕین مێژووییه‌كی دێرینی هه‌زاران ساڵه‌یان له‌ناو كورددا هه‌یه و بوونه‌ته ناسنامه‌ی هونه‌ریمان.''
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، وه‌زیری ڕۆشنبیری و لاوان بانگهێشتی خاتوو مارگرێتا ئیڤانۆڤنه كاراتیگینا، به‌رپرسی به‌شی هاوكاری نێوده‌وڵه‌تی و به‌یه‌كه‌وه كاركردنی پرسه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی كۆنسێرڤاتۆری چایكۆڤسكی كرد، بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان بكات و له نزیكه‌وه واقیعی هونه‌ر و گه‌شه‌ی كلتووری و میوزیكی كوردی ببینێت.
له به‌رامبه‌ردا خاتوو مارگرێتا، پوخته‌یه‌كی له باره‌ی مێژووی دامه‌زراندنی "كۆنسێرڤاتۆری چایكۆڤسكی" خسته‌ڕوو و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، میوزیكسانه به‌ناوبانگه‌كانی جیهان به‌شێكی به‌رچاویان ده‌رچووی پهیمانگهكهیانن.
راشیگەیاند:'' له ڕابردوودا، له ڕێگه‌ی ئه‌و هونه‌رمه‌نده كوردانه‌ی له ڕیزی شانده ئێرانییه‌كان سه‌ردانی كۆنسێرڤاتۆرهكهیان كردووه، هه‌ندێك زانیاریان له باره‌ی میوزیكی كوردی بیستووه.''
له به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا، بڕیار درا، گرووپێكی میوزیكی كوردی به سه‌رپه‌رشتی هونه‌رمه‌ند فه‌رید ئیلهامی، به مه‌به‌ستی ئاشناكردنی زیاتری گه‌لی ڕووسیا به میوزیكی كوردی، له ژماره‌یه‌ك گه‌وره شاری ڕووسیای فیدڕاڵ، كۆنسێرتی میوزیك و گۆرانی ساز بكه‌ن.
كۆنسێرڤاتۆری چایكۆڤسكی، به‌ناوبانگترین په‌یمانگه‌ی میوزیكه له ئاستی ڕووسیا و جیهان، دووه‌م دێرینترین په‌یمانگه‌یه له ڕووسیا، كه له ١ـی ئه‌یلوولی ١٨٦٦ به ناوی "كۆنسێرڤاتۆری ئیمپراتۆریای مۆسكۆ" دامه‌زراوه، له سه‌ره‌تاوه تا ساڵی ١٨٧٨ چایكۆڤسكی مامۆستای تیۆری و هارمۆنی په‌یمانگه‌كه بووه، له ساڵی ١٩٤٠ دوای نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی ناوی لێنراوه "كۆنسێرڤاتۆری چایكۆڤسكی".