Skip to the content

بايەخ بە میوزیک و ئامێرە کوردییەکان دەدرێت

دیمەنێک لە پێشکەشکردنی میوزیک لە کۆنسێرڤاتۆریای چایکۆڤسکی، مۆسکۆ

لەسەر داوای حەمەی حەمەسەعید، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان، بەڕێوەبەرایەتيی کۆنسێرڤاتۆریای چایکۆڤسکی، بڕیاری دا بۆ ئەمساڵی خوێندن، میوزیک و ئامێرە کوردییەکان بخاتە ناو پڕۆگرامی خوێندن و ژمارەیەک کورسیش بۆ فێرخوازانى بواری میوزیک لە هەرێمی کوردستان تەرخان دەکات.

لە چایکۆڤسکی میوزیکی کوردی دەخوێندرێت
نوێنەرایەتيی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕووسیا لە نووسراوێکدا، کە ئاراستەی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی کردووە، ڕایگەیاندووە: کۆنسێرڤاتۆریای چایکۆڤسکی بەناوبانگی ڕووسیا و جیهان، ڕەزامەندیيان لەسەر پێشنیازی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان دەربڕیوە و بڕیاریان داوە، بۆ ئەمساڵی خوێندن میوزیک و ئامێرە کوردییەکان وەک بەشێک لە پڕۆگرامی خوێندنی ئەو ناوەندە ئەکادیمییەی بواری میوزیک بخوێندرێت.

کورسيی خوێندن بۆ فێرخوازانى کورد دابین دەکرێت
بە گوێرەی بڕیاری ناوەندەکە، جگە لە خوێندنی میوزیکی کوردی، ژمارەیەک کورسيی خوێندنیش لە بواری میوزیک بۆ فێرخوازانى هەرێمی کوردستان تەرخان کراوە.
هەروەها کۆنسێرڤاتۆریای چایکۆڤسکی، ڕەزامەندی دەربڕیوە ژمارەیەک میوزیکژەنی ناوداری ڕووسیا، ڕەوانەی هەرێمی کوردستان بکەن، بۆ ئەوەی لەگەڵ ئۆرکێسترای کوردستان کار بکەن.

کورد لە چایکۆڤسکی
بۆ یەکەمجار لە مێژووی کۆنسێرڤاتۆری چایکۆڤسکی، ڕۆژی هه‌ینی ١٣ـی تشرینی یه‌كه‌می ٢٠٢٣، حه‌مه‌ی حه‌مه‌سه‌عید، وه‌زیری ڕۆشنبیری و لاوان، بە یاوه‌ری د. دانه‌ر مسته‌فا، نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ ڕووسیا، سه‌ردانی "كۆنسێرڤاتۆری چایكۆڤسكی"ی له‌ مۆسكۆ كرد، كه‌ دووه‌م دێرینترین په‌یمانگه‌ی میوزیكه‌ له‌ ڕووسیادا.
خاتوو "مارگرێتا ئیڤانۆڤنه‌ كاراتیگینا"، به‌رپرسی به‌شی هاوكاريی نێوده‌وڵه‌تی و به‌یه‌كه‌وه‌كاركردنی پرسه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی كۆنسێرڤاتۆری چایكۆڤسكی، پێشوازی له‌ شاندی هه‌رێمی كوردستان كرد.
له‌ به‌رایيی دیداری پێشوازیدا، كۆنسێرڤاتۆری چایكۆڤسكی وێڕای به‌خێرهێنانی شاندی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری و لاوان، ڕایگه‌یاند: ئه‌مه‌ یه‌كه‌مجاره‌ شاندێكی كوردی سه‌ردانی په‌یمانگه‌كه‌ ده‌كه‌ن.
له‌و میانه‌یه‌دا، حه‌مه‌ی حه‌مه‌سه‌عید، وه‌زیری ڕۆشنبیری و لاوان ڕایگه‌یاند: هه‌رێمی كوردستان له‌ قۆناغی زێڕینی گه‌شه‌ی كولتووری و هونه‌ريی خۆیدایه‌، هونه‌رێكی هه‌مه‌ڕه‌نگ و فره‌چه‌شن له‌ هه‌رێمه‌كه‌ بووه‌ته‌ سیمبولی پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتیيانه‌ و ڕێزگرتنی به‌ها و كولتووری جیاوازی نێوان پێكهاته‌ جیاجیاكان.
گوتیشی: هه‌رێمی كوردستان پێویستی به‌ كرانه‌وه‌ی زیاتری كولتووری به‌ ڕووی جیهانی ده‌ره‌وه‌یدا هه‌يه‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ به‌ گرنگییه‌وه‌ ده‌ڕوانینه‌ به‌شداريی میوزیكزانانی كورد له‌ ناوه‌نده‌ ئه‌كادیمییه‌كانی جیهاندا، ده‌مانه‌وێت له‌گه‌ڵ كۆنسێرڤاتۆری چایكۆڤسكی له‌ مۆسكۆ په‌یوه‌ندییه‌كانمان فراوان بن و كار بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌زموونی ئێوه‌ بگوازینه‌وه‌ ناوه‌نده‌ زانستی و هونه‌رییه‌كانمان.
وه‌زیری ڕۆشنبیری و لاوان ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا، له‌ هه‌رێمی كوردستان جگه‌ له‌ كۆلیژه‌كانی هونه‌ر، له‌ زانكۆكاندا ١١ په‌یمانگه‌ی تایبه‌ت به‌ هونه‌ر و میوزیك هه‌ن و فێرخوازان لێیان سوودمه‌ندن. گوتیشی: هیوادارین له‌م په‌یمانگه‌یه‌دا ده‌رفه‌ت بدرێته‌ ئه‌و میوزیكزانه‌ كوردانه‌ی ده‌یانه‌وێت له‌ بواری میوزیك بخوێنن.
له‌ به‌شێكی دیكه‌ی گوته‌كانیدا، وه‌زیری ڕۆشنبیری و لاوان ئاماژه‌ی به‌ ده‌وڵه‌مه‌نديی فه‌رهه‌نگ و هونه‌ريی میوزیكی كوردی كرد و گوتی: له‌ ناو كورددا میوزیك وه‌ك سرووتێكی ئایینی، مێژووی هه‌زاران ساڵه‌ی هه‌یه‌. گوتیشی: تا ئێستا له‌ كولتووری ئایینيی یارساندا میوزیك وه‌ك به‌شێك له‌ سرووتی پیرۆز و گه‌شه‌پێدانی ڕۆحیيه‌تی ئایینی ڕۆڵی هه‌یه‌. هه‌روه‌ها سیاچه‌مانه‌، لاوك، حه‌یران، به‌سته‌، مه‌قام، هۆره‌ و سه‌رجه‌م هونه‌ره‌كانی خۆشخوانی و چڕین مێژووییه‌كی دێرینی هه‌زاران ساڵه‌یان له‌ناو كورددا هه‌یه‌ و بوونه‌ته‌ ناسنامه‌ی هونه‌ریمان.
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، وه‌زیری ڕۆشنبیری و لاوان بانگهێشتی خاتوو مارگرێتا ئیڤانۆڤنه‌ كاراتیگینا، به‌رپرسی به‌شی هاوكاريی نێوده‌وڵه‌تی و به‌یه‌كه‌وه‌كاركردنی پرسه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی كۆنسێرڤاتۆری چایكۆڤسكی كرد، بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان بكات و له‌ نزیكه‌وه‌ ڕەوشی هونه‌ر و گه‌شه‌ی كولتووری و میوزیكی كوردی ببینێت.

كۆنسێرڤاتۆری چایكۆڤسكی
له‌ به‌رانبه‌ردا خاتوو مارگرێتا، پوخته‌یه‌كی له‌ باره‌ی مێژووی دامه‌زراندنی "كۆنسێرڤاتۆری چایكۆڤسكی" خسته‌ڕوو و ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا: میوزیكزانه‌ به‌ناوبانگه‌كانی جیهان به‌شێكی به‌رچاویان ده‌رچووی په‌یمانگه‌كه‌یانن. گوتیشی: له‌ ڕابردوودا، له‌ ڕێگه‌ی ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ كوردانه‌ی له‌ ڕیزی شانده‌ ئێرانییه‌كان سه‌ردانی كۆنسێرڤاتۆره‌كه‌یان كردووه‌، هه‌ندێك زانیاریيان له‌ باره‌ی میوزیكی كوردی بیستووه‌.
شايانى باسه‌ كۆنسێرڤاتۆری چایكۆڤسكی، به‌ناوبانگترین په‌یمانگه‌ی میوزیكه‌ له‌ ئاستی ڕووسیا و جیهاندا، دووه‌م دێرینترین په‌یمانگه‌یه‌ له‌ ڕووسیا، كه‌ له‌ ١ـی ئه‌یلوولی ١٨٦٦ به‌ ناوی "كۆنسێرڤاتۆری ئیمپراتۆریای مۆسكۆ" دامه‌زراوه‌، له‌ سه‌ره‌تاوه‌ تا ساڵی ١٨٧٨ چایكۆڤسكی مامۆستای تیۆری و هارمۆنی په‌یمانگه‌كه‌ بووه‌، له‌ ساڵی ١٩٤٠ دوای نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی ناوی لێ نراوه‌ "كۆنسێرڤاتۆری چایكۆڤسكی".