بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان: پشتیوانی چالاکیی کولتووری پێکهاتەکانین
ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی ئابی ٢٠٢٤، بە چاودێری و ئامادەبوونی ئاریان سەلاحەدین، بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە شاری هەولێر، شەشەم فێستیڤاڵی کولتووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری تورکمان بەڕێوە چوو.
لە گوتەیەکدا، بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان ڕایگەیاند: لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەت بەو پەڕی بایەخەوە گرنگی بە گەشەکردن و بووژاندنەوەی کولتوور و هونەری پێکهاتە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان دەدات.
گوتیشی: دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی ڕۆشنبیری و هونەری پێکهاتەکان، بەڵگەیە لەسەر هەوڵەکانی حکومەت بۆ ڕێکخستنی ئەو بوارانەی ژیانی پێکهاتەکان و خزمەتکردن و پێشخستنیان.
شەشەم فێستیڤاڵی کولتووری تورکمانی لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری تورکمان سازکرابوو و تێیدا وێڕای کردنەوەی پێشانگەیەکی فۆتۆگرافی، پانێلێکی تایبەت بە پرسە ڕۆشنبیرییەکان سازکرا و چەندین چالاکیی دیکەی هونەری لەوانە پێشکەشکردنی گۆرانی و ژەنینی میوزیکی تورکمانی لەخۆ گرتبوو.