Skip to the content

كۆنفرانسی "جینۆسایدی گەلی کوردستان و ڕەنگدانەوەی لە ئەدەب و هونەر و میدیادا" ساز دەکرێت

بڕیارە لە سەرەتای مانگی كانوونی یەكەمی ئەمساڵ، بە چاودێریی حەمەی حەمەسەعید، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ ساڵی دووەم لەسەر یەک، وەزارەت کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی زانستیی (جینۆسایدی گەلی کوردستان و ڕەنگدانەوەی لە ئەدەب و هونەر و میدیادا ) ساز بكات.

وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان بۆ ئەو مەبەستە، بانگەواز لە توێژەران و ئەکادیمییانی کورد و بیانی دەکات، بە توێژینەوە زانستییەکانیان بەشداری بکەن.

وادە دیاریكراوەكان

* پێویستە پوختەی توێژینەوە بە زمانی سەرەكیی توێژینەوەكە، تا ٢٨ی ئابی ٢٠٢٤.
* لە ١ ئەیلوولی ٢٠٢٤، وەڵامی ئەرێنی و نەرێنی پوختەی توێژینەوەکان دەدرێتەوە و دوای پەسندکردنی پوختەکە، توێژەران دەستکراوە دەبن بۆ ئامادەکردنی توێژینەوەکانیان.
* ڕۆژی ١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤، دوا وادە دەبێت بۆ ناردنی توێژینەوەکان.
* دوای تەواوكردنی ئامادەكارییەكان، كۆنفرانس لە نیوەی یەكەمی مانگی كانوونی یەكەمی ٢٠٢٤ بەڕێوە دەچێت.

تەوەرەكانی کۆنفرانس:
* جینۆسایدی گەلی کوردستان و ڕەنگدانەوەی لە ئەدەبدا (چیرۆك، ڕۆمان، شیعر، ئەدەبی زارەكی، وەرگێڕان).
* جینۆسایدی گەلی کوردستان و ڕەنگدانەوەی لە هونەردا (فیلم، شانۆ، دراما، میوزیك، شێوەكاری).
* ڕۆڵی میدیا لە بڵاوکردنەوەی بەرهەمە ئەدەبی و هونەرییەکانی تایبەت بە جینۆسایدی گەلی کوردستان و ناساندنی پرسەكانی.

مەرجەکان:

* پێویستە توێژینەوە لە ٣٠٠٠ (سێ هەزار) وشە زیاتر نەبێت.
* سەرچاوەکان بە سیستمی هارڤارد نووسرابن.
* ڕەچاوی سەرجەم مەرجەکانی توێژینەوەی زانستی تێدا کرابێت.
* پێویستە توێژینەوەی بەشداریکردن، پێشتر بڵاو نەکرابێتەوە و بۆ مەبەستی دیکە بەکار نەهێنرابێت.
* پوختەی توێژینەوە، بە زمانی كوردی و ئینگلیزی دەبێت، بۆ ئەو توێژینەوانەی زمانی سەرەكییان ئینگلیزی و عەرەبییە، مەرجە پوختەی بە كوردی لەگەڵدا بێت.
* پێویستە توێژەر سەرنج و تێبینیی هەڵسەنگێنەران لەبەرچاو بگرێت.
* توێژینەوە بە فۆنتی " Unikurd Goran" دەنووسرێت و ناونیشانی سەرەکی بە سایزی "١٨" و ناونیشانی لاوەکی بە سایزی "١٦" دەبێت و ناوەرۆک بە سایزی "١٤" و لیستی سەرچاوە بە سایزی "١٠" دەنووسرێت.
* بۆ پوختەی عەرەبی و ئەو توێژینەوانەی بە عەرەبی ڕەوانە دەکرێن، پێویستە بە فۆنتی " Ali-a- alwand" و سایزی "١٤" نووسرابن. پوختەی ئینگلیزیش بە سایزی "١٤" و فۆنتی " Times New Roman " دەنووسرێت.
* ناوی توێژەر بە سایزی "١٤" لە خوارەوەی ناونیشانی سەرەکی دەنووسرێت و بە دوایدا، پلەی زانستی و پێگەی لە بەش و کۆلێژ و زانکۆ و ئیمەیڵەکەی دەنووسرێت.
* پێویستە ڕەچاوی خاڵبەندی لە نووسیندا بکرێت.
* توێژەر پوختەیەکی سی ڤی و وێنەیەکی نوێی مامەڵە، کە باکگراوندی سپی بێت هاوپێچ دەکات.
* توێژینەوەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی لە لایەن هەڵسەنگێنەرانی زانستییەوە، بە گوێرەی پسپۆڕی هەڵدەسەنگێندرێن.
* پێویستە ناونیشانی توێژینەوەکە، ناوی توێژەر، بەش، کۆلێژ و زانکۆ لەگەڵ پوختەی توێژینەوەکە، کلیلە وشەکان بە دوو زمانی دیکەی جیاواز لە زمانی توێژینەوەکە بنووسرێت، له‌ پێش سەرچاوەکانی توێژینه‌وه‌که‌ داده‌نرێت.
* پێویستە توێژینەوەكان پێداچوونەوەی زمانەوانییان بۆ كرابێت.

تێبینی:
* توێژەران لە وادەی بەڕێوەچوونی کۆنفرانس، بە ئیمەیڵ ئاگەدار دەکرێنەوە. پێداویستیی مانەوە و گواستنەوەیان بۆ دابین دەكرێت.
* سەرجەم توێژینەوەکان لە توێی کتێبێکدا چاپ دەکرێن و بە دیاری پێشکەش بە توێژەران و میوانانی کۆنفرانس دەکرێت.

پەیوەندی:
بۆ بەشداریكردن و پەیوەندییەکان و پرسیار و وەڵامدانەوە و ناردنی بابەت لە ڕێگەی جیمەیڵی كۆنفرانس (genocide.conference1@gmail.com) دەبێت.

لیژنەی باڵای ئامادەكاریی كۆنفرانسی نێودەوڵەتیی زانستیی (جینۆسایدی گەلی کوردستان و ڕەنگدانەوەی لە ئەدەب و هونەر و میدیادا)