Skip to the content

هیندستان ژمارەیەك كورسيی خوێندن لە بواره‌كانی میوزیك و كولتوور بۆ وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان دابين ده‌كات

وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان و باڵیۆزی هیندستان

ڕۆژی دووشەممە ٥ـی ئابی ٢٠٢٤، حەمەی حەمەسەعید، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان، بە ئامادەبوونی ئاریان سەلاحەدین، بریکاری وەزارەت و ژمارەیەک لە ڕاوێژکار، بەڕێوەبەری گشتی و بەڕێوەبەرانی وەزارەت، پێشوازی لە شاندێکی باڵیۆزخانەی هیندستان لە بەغدا و کونسولی گشتیی هیندستان لە هەولێر كرد.

لە دیدارێکدا، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان ستایشی هەماهەنگی و ڕۆڵی باڵیۆزخانە و کونسولخانەی هیندستانی کرد، لە پای هەوڵەکانیان بۆ پێشخستنی پەیوەنديی کولتووری نێوان هەرێمی کوردستان و گەلی هیندستان و گوتیشی: لە بوارە جیاوازەکانی کولتووردا ئاشنایەتی و نزیکایەتی لە نێوان کولتووری گەلانی ناوچەکە بەگشتی هەیە.

وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان ئاماژەی بە بانگهێشتی تیپێکی هونەريی هەرێمی کوردستان بۆ فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکانی هیندستان کرد و جەختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ هەرێمی کوردستان خوازیاری هەرچی زیاتر پەرەپێدانی ئەو پەیوەندییە کولتووریيانەیە لە نێوان هەردوو گەلی کوردستان و هیندستان بناغەیان دانراوە.

لە بەرانبەردا پراشانت پیس، باڵیۆزی هیندستان لە بەغدا، باسی لە گرنگيی پێشخستنی پەیوەندییەکان و پرۆژەکانیان بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندیی کولتووری نێوان گەلی هیندستان و گەلانی عێراق کرد. گوتیشی: هیندستان ئامادەیە لە بواری خوێندنی کولتوور و میوزیکدا، کورسيی خوێندن وەک دیاری ببەخشێتە وەزارەت، بۆ ئەوەی فێرخوازانی کورد بتوانن لەو بوارانەدا بچنە هیندستان و خوێندن تەواو بکەن. هەروەها گوتی: ئێمە ئامادەین ئامێری میوزیک و پێداویستيی دیکەی هونەری، بۆ تیپە هونەرییەکانی کوردستان دابین بکەین.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، باڵیۆزی هیندستان باسی لەوە کرد، بۆ داهاتوو چەندین فێستیڤاڵی هونەری و کولتووری ساز دەکەن و بانگهێشتی تیپەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن، بۆ بەشداریکردن لەو فێستیڤاڵانەدا.
لەو چوارچێوەیەدا، مەراسیمێکی تایبەت بە بەخشینی ژمارەیەک ئامێری میوزیک بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری هەڵەبجە، بە ئامادەبوونی سەرخێڵ غەفار، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتییەکە ڕێکخرا.
لەو میانەیەدا، سەرخێڵ غەفار، سوپاسی دیاری و دەستپێشخەرییەکەی هیندستانی کرد و هیوای خواست باڵیۆزخانە و کونسولخانەی هیندستان بازنەی هاوکارییەکانیان بۆ تیپە هونەری و میللیەکانی هەرێمی کوردستان فراوانتر بکەن.