Skip to the content

وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان: پشتیوانيی پرۆژە كولتووری و فەرهەنگییەكان دەكەین

ڕۆژى سێشەممە ٦ـی ئابی ٢٠٢٤، حەمەی حەمەسەعید، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە دیوانی وەزارەت پێشوازی لە شاندێکی ڕێکخراوی "SIL"ـی زمانەوانی كرد.
لە دیدارێکدا، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان، پوختەیەکی لەبارەی ئەرک و پرۆژەکانی وەزارەت بۆ خزمەتکردنی کولتوور و فەرهەنگی کۆمەڵگەی کوردستان، بە سەرجەم پێکهاتەکانیەوە کرد و ڕایگەیاند: وەزارەت ئامادەیە پشتیوانيی هەموو ئەو پرۆژە کولتووری و زمانەوانیيانە بکات، کە بۆ خزمەتی پێشخستی زمانی دایک گەڵاڵە دەکرێن.
شاندی ڕێکخراوی ئێس ئای ئێڵی زمانەوانی، وێڕای دەربڕینی پێزانینیان بۆ پێشوازی وەزارەت لە هەوڵەکانیان، ئاماژەیان بە پرۆژەکانیان لەپێناو خزمەتکردنی زمانی دایک لە هەرێمی کوردستان کرد.
ڕێکخراوەکە ڕاشیگەیاند: بە هەوڵی تیمەکانیان، کە ١٤ ساڵە لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن، توانیویانە کیبۆردێکی تایبەت بە هەورامانى دروست بکەن، کە یەکێکە لە شێوه‌زاره‌ دەوڵەمەندەکان و کاریش دەکەن بۆ ئەوەی ئەو شێوه‌زاره‌ زیاتر گەشە بکات و ئاخێوەرانی بتوانن لە ڕێگەیەوە گوزارشت لە خۆیان بکەن.
هەروەها سوپاسی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانیان کرد، بۆ ئەو هەوڵانەی داویەتی لەپێناو پارێزگاریکردن لە زمانی پێکهاتەکان و دەرکردنی چاپکراوی خولی بە زمانی دایکیان و ئەو هەوڵانەی خستوویەتییە گەڕ، بۆ ئەوەی هەورامانیش وەک شێوه‌زارێك، لە پرۆگرامی خوێندن و پەروەردەدا لە هەورامان و ناوچە هەورامانييه‌كان بخوێندرێت و جێگەی بکرێتەوە.
ئاماژەشیان بەوە کرد: ڕاپرسییەکیان کردووە و تێیدا دەرکەوتووە، زۆرینەی بەشداربووانی ڕاپرسییەکە بە گرنگیان زانیوە بایەخ بە هەورامانى، وەک شێوه‌زارێك بدرێت و بۆ ئاخێوەرانی ئەو شێوه‌زاره‌، بخرێتە پرۆگرامی خوێندنەوە.
ڕێکخراوی "SIL"ـی زمانەوانی، لە ٩٨ وڵاتی جیهان لقی کردووەتەوە و بایەخ بە زمانە جیاجیاکانی گەلان دەدات و کار دەکات بۆ ئەوەی نەتەوە و گەل و کۆمەڵە و پێکهاتەکان بتوانن پارێزگاری لە زمانی دایک بکەن و منداڵانیان توانای خوێندنەوە و نووسینیان بە زمانی دایک هەبێت.
هەروەها فەرهەنگێکی زمانەوانیيان بە زمانە جیاوازەکان ئامادە کردووە و توانیویانە فەرهەنگێکی تایبەت بە هەورامانى و پیت و دەنگەکانی ئامادە بکەن و بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت لە ڕێگەی ئەو فەرهەنگەوە دەتوانن پیت و دەنگەکان بۆ چەند زمانی جیاوازی جیهانى وەربگێڕن.
ڕێکخراوەکە جگە لەو سۆفتوێرانەی بۆ خزمەتی زمانە دایکییەکان بەردەستی خستوون، ژمارەیەکی بەرچاو ئەپی یاری و كتێبى دەنگی بۆ منداڵان، بە زمانی دایک بۆ منداڵانی نەتەوە و کۆمەڵە جیاوازەکان دروست کردووە و پشتیوانيی ئەو کەسایەتی و ناوەندانە دەکات، کە دەستپێشخەریيان بۆ پاراستنی زمان و کولتوور هەیە.