بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان: بەردەوامی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتيی فیلمی دهۆک بایەخی حکومەتی هەرێم بۆ کولتوور و هونەر پێشان دەدات
بە نوێنەرایەتيی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاریان سەلاحەدین، بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان، ئامادەی ڕێوڕەسمی دەستپێکردنی گەڕی یازدەیەمی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتيی فیلمی دهۆک بوو و بە ناوی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە گوتارێکی پێشکەش کرد.
ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤، بە بەشداريی سەدان میوانی ناوخۆیی و دەرەکی، لە هۆڵی زانکۆی دهۆک، گهڕى یازدەیەمى فێستیڤاڵی نێودەوڵەتيی فیلمی دهۆک، دەستی بە کارەکانی کرد و بڕیارە هەشت ڕۆژ بخایەنێت.
بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان، لە گوتارێکدا، لە ڕێوڕەسمی دەستپێکردنی گەڕی یازدهيەمینی فێستیڤاڵەکە گوتی: بە ناوی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، پیرۆزبایيی یازدەيەمین فێستیڤاڵتان لێ دەکەین، بەردەوامبوونی ئەم فێستیڤاڵە بایەخی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کولتوور، هونەر و سینەما پێشان دەدات.
گوتیشی: سەرەڕای ئەو ئاستەنگانەی کە بۆ حکومەتی هەرێم و خەڵکی کوردستان لە هەموو لایەنەکانەوە هاتوونەتە پێش، کە ڕەنگە لە زۆر لایەنی دیکەوە نەمانتوانیبێت بەردەوامی بدەین، بەڵام لە بواری سینەمادا حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستکورت نەبووە و بە هەموو شێوەیەک بۆ بەردەوامبوونی ئەم بۆنە گرنگە ساڵانە هەموو هەوڵێکی داوە.
لە فێستیڤاڵەکەدا لە کۆی ٧٠٠ فیلمی پێشکەشکراو، ١٠٧فیلم هەڵبژێردراون، کە ٤٦یان کوردی و ٦١یان بیانین و لە ٣٠ وڵاتی جیاوازی جیهانەوە بەشداریيان کردووە و هیندستان میوانی سەرەکيی فێستیڤاڵە.
لەو بارەیەوە، بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان گوتی"ئەمساڵ میوانی سەرەکی هیندستانە، بە خۆشحاڵییەوە کۆمەڵێک پەیوەنديی زۆرباشمان لە هەموو ئاستەکان، بە تایبەتی لە بواری کولتووری لەگەڵ هیندستان هەیە.
چەندین پرۆژە و کاری هاوبەشمان لە بواری کولتووردا هەبووە و پێشوازيی تیپەکانیان کردووین لە هیندستان بۆ بەشداری لە فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکانیان و لێرەش بەردەوامین لە کاری هاوبەش و هەماهەنگيی زیاتر و هیندستان بۆ ئێمە بایەخێکی گەورەی هەیە".
لە بارەی درووشمی فێستیڤاڵەکەوە، کە گەڕێ یازدەيەم بۆ وەرزش تەرخان کراوە، ئاریان سەلاحەدین گوتی: دەستخۆشی لە دیدگه و ڕوانگەی ئەو بەڕێزانە دەکەین، کە لە خولی یازدەيەم وەرزش دەکەنە مژاری سەرەکی، کە کولتوورێکی باڵای وڵاتانی جیهانە و لە هەرێمی کوردستانیش لایەنێکی پڕبایەخە، چ لە ئاستی کۆمەڵگە، چ لە ئاستی تاک. وەک وەزارەت بەشێکە لە ئەرک و بەرپرسیارێتيی ئێمە، بۆیە بەڵێنی ئەوە دەدەین درێغی نەکەین و کەمتەرخەم نەبین بەرانبەر بە کولتوور و وەرزش، کە بوونەتە بەشێک لە ناسنامەی وڵاتی ئێمە.
لە کۆتايیی گوتارەکەیدا، بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان ستایشی هەوڵە بەردەوامەکانی پارێزگاری دهۆک و بەڕێوبەرایەتیی گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری دهۆکی کرد، بۆ پشتیوانی و سەرخستنی کار و ئامادەکارییەکانی فێستیڤاڵ و هیوای سەرکەوتن و بەردەوامی بۆ خواستن.