وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان پێشوازی لە شاندێکی ناوەندی ڕۆشنبیريی ئەدیبان و نووسەرانی کەلار و زانکۆی گەرمیان كرد
ڕۆژی دووشەممە ٩ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤، حەمەی حەمەسەعید، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی ناوەندی ڕۆشنبیريی ئەدیبان و نووسەرانی کەلار و زانکۆی گەرمیان كرد و پشتیوانيی وەزارەتی بۆ هەوڵەکانیان لەپێناو خزمەتکردنی زمانی کوردی دەربڕی.
لە دیدارەکەدا، کە هەریەک لە خەلیل عەبدوڵڵا، بەڕێوهبەری گشتیی دیوان و نامق هەورامی، بەڕێوهبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان ئامادەى بوون، شاندەکە باسیان لە هەنگاوەکانی ڕێکخستنی یەکەم کۆنفرانسی نێودەوڵەتيی یەکخستنی زاراوەی زمانەوانیی کوردی کرد، کە بڕیارە لە ساڵى ئايينده لە زانکۆی گەرمیان ساز بکرێت و داوایان کرد وەزارەت پشتیوانی هەوڵەکانیان بێت بۆ سەرخستنی کۆنفرانسەکە و کارکردن لەسەر ڕاسپاردەکانی لە داهاتوودا.
لەو بارەیەوە، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان پشتیوانی و ئامادەیيی وەزارەتی بۆ هەر چەشنە هەماهەنگییەک لەپێناو سەرخستنی کارەکانی کۆنفرانس و جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکانی دەربڕی. بۆ ئەو مەبەستەش بڕیار درا كه نامق هەورامی، وەک نوێنەری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان، هەماهەنگکاری نێوان وەزارەت و لیژنەی باڵای ئامادەکاری کۆنفرانسەکە بێت.
لە بەرانبەردا، ساڵح هەلاج، به ناوى ناوەندی ڕۆشنبیريی ئەدیبان و نووسەرانی کەلار، سوپاس و پێزانینی بۆ پشتیوانيی وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان دەربڕی و هەماهەنگيی وەزارەتی بە دەستەبەری سەرکەوتنی کۆنفرانسەکە وەسف کرد.
شايانى باسه کۆنفرانسی نێودەوڵەتيی یەکخستنی زاراوەی زمانەوانیی کوردی، بڕیارە لە ڕۆژانی ١٧و ١٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٥، لە گەرمیان بەڕێوە بچێت.
زاراوەکانی (ڕێنووس، دەنگسازی، ڕێزمان، واتاسازی و زانستی زمانی کارەکی)، لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆنفرانسەکە دەبن و لەبارەی هەریەک لە تەوەرەکان ڕاسپاردەی پێویست گەڵاڵە دەکرێت و ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکرێن.