Skip to the content

وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان: كۆمەڵەكانی دۆستایەتيی كوردستان و گەلانی جیهان ڕۆڵی باڵیۆزی كولتووری دەگێڕن

ڕۆژى سێشەممە ٣٠ـی تەممووزی ٢٠٢٤، حەمەی حەمەسەعید، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە دیوانی وەزارەت، پێشوازی لە د. هێمن عومەر، سەرۆكی كۆمەڵەی دۆستایەتيی كوردستان - ئەڵمانیا و ژمارەیەك لە ئەندامانی كۆمەڵەكە كرد.
لە دیدارێكدا، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان، بەگرنگییەوە باسی لە ڕۆڵ و ئەركی ڕێكخراو و كۆمەڵەكانی دۆستایەتی نێوان هەرێمی كوردستان و گەلانی جیهانی كرد و ڕایگەیاند: پێویستە ئەو كۆمەڵانە وەك باڵیۆزی كولتووری و فەرهەنگی گەلی كوردستان، ڕۆڵی زیاتر بگێڕن لە پێناو دروستكردنی پردی پەیوەندی و قووڵكردنەوەی گیانی ئاشتەوایی و تەبایی نێوان گەلان.
گوتیشی: وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان بە بایەخەوە دەڕوانێتە هەوڵ و كۆششی كۆمەڵە كولتووری و فەرهەنگی و دۆستایەتییەكانی نێوان گەلان و كۆمەڵەی دۆستایەتيی كوردستان - ئەڵمانیا، لە ڕێگەی پرۆژە و كارە كولتوورییەكانی، توانیویەتی خزمەتێكی بەرچاو بە پێشخستنی پەیوەنديی كولتووريی هەردوو گەلی كوردستان و ئەڵمانیا بكات.
كۆمەڵەی دۆستایەتيی كوردستان - ئەڵمانیا ساڵی ٢٠١٥ دامەزراوە و ئامانجی ئەوەیە پەیوەندییە كولتوورییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەڵمانیا بەهێز بكات.